ترەمپ بە نیازە کارئاسانییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئەمریکا درێژ بکاتەوە
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی درێژکردنەوەی بڕیاری هەڵپەساردنی یاسایەکی دەریایی تاوتوێ دەکات، کە ئامانجیەتی پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە ناوخۆی وڵاتدا ئاسانتر بکات. ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە داتاکان دەریانخستووە چاوپۆشیی لەو یاسایە لە کاتی جەنگی ئێراندا، بووەتە هۆی زیادبوونی خێرایی گەیاندنی سووتەمەنی و دابەزاندنی تێچووەکان.
چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەرسامە بەو ئەنجامانەی کە لە دوای هەڵپەساردنی "یاسای جۆنز" (Jones Act) بەدەستهاتوون. ئەم یاسایە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1920 دەگەڕێتەوە، مەرج دادەنێت کە هەر کاڵایەک لە نێوان بەندەرەکانی ئەمریکادا بگوازرێتەوە، دەبێت لە رێگەی ئەو کەشتییانەوە بێت کە ئاڵای ئەمریکایان لەسەرە و لە ناوخۆدا دروستکراون، ئەمەش تێچووی گواستنەوەی بەهۆی کەمیی ژمارەی ئەو جۆرە کەشتییانە بەرز کردبووەوە.
راوێژکارێکی ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی دەبینێت بە دڵیەتی و دەیەوێت تا ئەو کاتەی هەڕەشەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەم چاوپۆشییە درێژ بکاتەوە."
هاوکات تایلۆر رۆجەرز، یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە سووتەمەنییەکی زیاتر بە خێراییەکی زۆرتر گەیشتووەتە بەندەرەکانی ئەمریکا.
ترەمپ لە 18ی ئاداری رابردوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەنجامی جەنگی ئێران، بۆ ماوەی 60 رۆژ کارکردنی بەم یاسایە راگرت. داتاکانی کۆشکی سپی کە دراونەتە "ئەکسیۆس" ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو ماوەیەدا، 40 تانکەری بیانی توانیویانە نەوت لە نێوان بەندەرەکانی کالیفۆرنیا، تێکساس، فلۆریدا و ئەلاسکا بگوازنەوە؛ هەروەها توانای گواستنەوەی دەریایی بە رێژەی 70% زیادی کردووە و تا ئێستا 9 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەمریکی لە رێگەی ئەم چاوپۆشییە یاساییەوە گوازراوەتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن کاریگەرییەکان لە ویلایەتی ئەلاسکا زۆر دیار بوون، بەجۆرێک ئەو سووتەمەنییەی فڕۆکە کە لەم ماوەیەدا هاوردە کراوە، یەکسانە بە نیوەی تێکڕای بەکارهێنانی مانگانەی تەواوی ئەو ویلایەتە.
ئەم پرسە بووەتە خاڵی ناکۆکی لە واشنتن؛ پەیمانگای کاتۆی لیبرتاری، یاساکە بە کۆن و بارگرانی دەزانێت کە تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر کڕیاران. لە بەرانبەردا، پەیمانگای هەدسنی پارێزگار هۆشداری دەدات کە پەکخستنی یاساکە زیان بە پیشەسازی کەشتیسازی ئەمریکا دەگەیەنێت و هەلی کار لە ئەمریکییەکان دەستێنێتەوە.