مانگی سووری لیبی: سەدان کۆچبەر لە کەناراوەکانی لیبیا رزگارکران

مانگی سووری لیبی رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی سەر بە سوپای نیشتمانی توانیویانە لانی کەم سەدان کۆچبەر لە خنکان رزگار بکەن، کە لە ناوەڕاستی دەریادا و لەناو 10 بەلەمی جیاوازدا تووشی گرفت بووبوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، مانگی سووری لیبی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "لەنێو 10 بەلەمی جیاواز 404 کۆچبەری رەگەزنامەی جیاواز لە کەناراوەکانی شاری توبڕوق لە رۆژهەڵاتی لیبیا و لە نزیک سنوورەکانی میسر تووشی گرفت هاتبوون، بەڵام توانرا رزگار بکرێن".

ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیمە خۆبەخشەکان دەستبەجێ فریاگوزاریی سەرەتایی، دەرمان، خۆراک و پێداویستیی تریان بۆ کۆچبەرەکان دابین کردووە.

بەپێی داتاكانی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لانی کەم 375 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، ئەوەش بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بەهێزی شەپۆلەکانەوە، رێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە سەدان حاڵەتی دیکەی هاوشێوە هەبن کە بە فەرمی تۆمار نەکراون.

ئەم پڕۆسەی رزگارکردنە دوای چەند رۆژێک لە زنجیرەیەک کارەساتی مرۆیی دێت لە ناوچەکەدا؛ دووشەممەی رابردوو وەرگەڕانی بەلەمێک بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 کۆچبەر و بێسەروشوێنبوونی 31 کەسی دیکە، هەروەها رۆژی شەممەی رابردووش تەرمی شەش کۆچبەری دیکە لە کەناراوەکان دۆزرانەوە.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئاشکرای کردووە لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1300 کۆچبەر لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا بێسەروشوێن بوون.

رێکخراوەکە جارێکی دیکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەماهەنگییەکانیان زیاتر بکەن بۆ پاراستنی ژیانی کۆچبەران، تێکشکاندنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و دابینکردنی رێڕەوی ئارام و یاسایی بۆ کۆچکردن، تاوەکو رێگری لە بەردەوامیی ئەم کارەساتە مرۆییانە بکرێت.