بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد
بۆ 15ـەمین جار لە مێژووی دروستکردنییەوە، ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گەیشتە لوتکەی پڕبوون و سەرڕێژی کرد، بەڕێوەبەری بەنداوەکەش رایدەگەیەنێت کە دەستیان بە بەردانەوەی ئاو کردووە بۆ ناو رووباری سیروان.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی ئاو و کارەبا. لە ماوەی 65 ساڵی رابردوودا، ئەمە 15ـەمین جارە بەنداوەکە بگاتە ئاستی سەرڕێژکردن.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان، ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی دیکەش زیادی کردووە؛ ئاوی بەنداوی دوکان گەیشتووەتە 5.6 ملیار مەتر سێجا، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تەنیا 1.7 ملیار مەتر سێجا بووە. هەروەها ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گەیشتووەتە زیاتر لە 2.6 ملیار مەتر سێجا و بەنداوی دهۆکیش 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 12 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە.