وەزارەتی کارەبای عێراق: پێویستی زۆرمان بە هاوردەکردنی گازی ئێران هەیە

وەزارەتی کارەبای عێراق دان بەوەدا دەنێت کە بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانی بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە وەزارەتەکە پەنا بۆ سووتەمەنی بەدیل ببات و هەوڵی خێرا بدات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم کورتهێنانە.

ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "کەمبوونەوەی گازی نیشتمانی بۆ کەمتر لە نیوە، وایکردووە لەگەڵ وەزارەتی نەوت کار بکەین بۆ دابینکردنی 'گازوایل' وەک سووتەمەنی بەدیل بۆ کارپێکردنی وێستگەکان، جگە لە هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی سەکۆی گازی شل لە خوڕ زوبەیر."

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەرچی ئێستا بەهۆی "کەشوهەوای مامناوەند" و گەیشتنی 21 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێران، دۆخەکە تا رادەیەک جێگیرە، بەڵام مەترسییەکان بۆ وەرزی هاوین بەردەوامن.

راشیگەیاند، "لەگەڵ گەیشتن بە لووتکەی گەرما و زیادبوونی فشارەکان، پێویستمان بە زیادکردنی گازی هاوردەکراوی ئێران و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین کۆنتڕۆڵی وێستگەکان بکەین."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە وەزارەتەکە هەوڵ دەدات ئامادەکاری بۆ وەرزی هاوین بکات، بەڵام کورتهێنانی گازی نیشتمانی و پشتبەستن بە گازی هاوردە و سووتەمەنی بەدیل، وەک ئاستەنگی سەرەکی بەردەم بەردەوامیی پێدانی کارەبا دەمێننەوە.