سووریا و هەسەدە لەسەر چەند دۆسیەیەکی هەستیار لە گفتوگۆدان
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی هەندێک کۆسپ، گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتی هەسەدە لەسەر چەندین دۆسیەی هەستیار بەردەوامە.
ئەحمەد هیلالی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، شاندەکەیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی راوێژە تەکنیکییەکان بۆ رادەستکردنی "کۆشکەکانی داد" بە وەزارەتی داد و کاراکردنەوەی سیستەمی دادوەری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە شاری قامشلۆ تووشی سستی ببوو.
گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل تاوتوێ کراون.
لە 30ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، حکوومەتی سووریا و هەسەدە گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی کارگێڕی و سەربازی و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی یەکگرتنەوە لە وڵاتەکەدا.