دیپلۆماتکارێکی پاکستانی: بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر لاوازە

سەرەڕای هەوڵە چڕەکانی پاکستان بۆ کۆکردنەوەی شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد، دیپلۆماتکارێکی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، کە دانوستانەکان رووبەڕووی چەقبەستووییەکی قووڵ بوونەتەوە و بەرەوپێشچوونیان "زۆر لاوازە"، ئەمەش بەهۆی ناکۆکیی توند لەسەر پرسی گەمارۆ دەریاییەکان.

پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، دیپلۆماتکارێکی پاکستانی بە کەناڵەکانی "العربية/الحدث" راگەیاند، تا ئێستا هیچ باسێک لە هەڵوەشاندنەوەی گفتوگۆکان لە ئارادا نییە، بەڵام "دانوستانەکان پەکیان کەوتووە و بەرەوپێشچوون تێیاندا زۆر لاوازە".

ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوە کرد، چەقبەستووییەکی راستەقینە رووبەڕووی رێڕەوی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بووەتەوە. 

باسی لەوەش کرد، ئێران ئیسلام ئابادی ئاگادار کردووەتەوە کە گەمارۆکانی سەری بەربەستی سەرەکیین لەبەردەم ئامادەبوونی لە دانوستانەکاندا، لە بەرامبەریشدا واشنتن هێشتا پێداگرە لەسەر بەردەوامیدان بە گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران. 

دیپلۆماتکارە پاکستانییەکە جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات، پێویستی بەوەیە واشنتن و تاران سازش بۆ یەکتر بکەن،

گوتیشی: "هەوڵ دەدەین ئێران قایل بکەین بێتە ئیسلام ئاباد لە پێناو سووککردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەری."

پێشتریش بەرپرسێکی پاکستانی بۆ هەمان کەناڵ پشتڕاستی کردبووەوە، کە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا وەڵامی کۆتاییان پێ نەگەیشتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا ئەو ئاگربەستەی کە لە بەرەبەیانی هەشتی نیسانەوە دەستی پێکردبوو درێژ بکاتەوە، ئەوەش بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ چارەسەری دیپلۆماسی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دا کە ئەمە "دوایین دەرفەتە" لەبەردەم تاراندا بۆ ئەوەی وەڵام یان پێشنیازێکی یەکگرتوو سەبارەت بە داواکارییەکانی ئەمریکا بخاتە روو.