کەشتیوانان لە گەرووی هورمز چاوەڕێی دڵنیایین

رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بووەتە مایەی بایەخی خاوەن کەشتی و بازرگانان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، رۆژی هەینی، هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنەکە، گەرووەکە دەکرێتەوە، بەڵام کەرتی گواستنەوەی دەریایی هێشتا بە وریاییەوە دەڕوانێتە دۆخەکە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی "بلۆمبێرگ و داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر"، ئێستا نزیکەی 600 کەشتی لەناو کەنداو گیریان خواردووە و ئامادەکاری بۆ چوونە دەرەوە دەکەن، لە بەرامبەریشدا سەدان کەشتی دیکە لە دیوی دەرەوەی گەرووەکە چاوەڕێی مۆڵەتی چوونە ناوەوەن. زۆربەی کەشتییە گیراوەکان تانکەری نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانن.

لە چەند کاتژمێری رابردوودا، تەنیا کەشتیی دیشا بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی بینراوە کە بەرەو گەرووەکە جوڵاوە، وەک هەوڵێک بۆ تاقیکردنەوەی سەلامەتی رێڕەوەکە.

سەرەڕای رێککەوتنەکە، چەند ئاستەنگێکی تەکنیکی و ئەمنی ماونەتەوە، کۆمپانیا ژاپۆنییەکان، 38 کەشتییان لە ناوچەکە راگیراوە، رایانگەیاندووە؛ تا دڵنیا نەبنەوە لە پاککردنەوەی رێڕەوەکە لە مین، کەشتییەکانیان ناجوڵێنن، بەهۆی مانەوەی زۆری کەشتییەکان لەناو ئاودا، بەشێک لە پێکهاتەی کەشتییەکان پێویستیان بە پاککردنەوە هەیە لەو زیندەوەرە دەریاییانەی پێیانەوە نووساوە هەروەها پسپۆڕانی بواری دڵنیایی دەریایی ئاماژە بەوە دەکەن، هەر هەڵەیەکی سیاسی یان سەربازی لەم کاتەدا، ژیانی کارمەندانی کەشتییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

پێشبینی دەکرێت کەشتییە نەوتییەکان یەکەمین کاروان بن دەست بە جوڵە بکەن. لە کاتێکدا کۆمپانیا گەورەکان چاوەڕێی وردەکاری زیاتر و دڵنیایی تەواو دەکەن لەسەر سەلامەتی گەرووەکە.