وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە لوبنان ناکشێینەوە
یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، رایگەیاند، خۆی و بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران، سیاسەتێکی روونیان هەیە، ئەویش هێشتنەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە ئەمنییەکانی لوبنان، سووریا و غەززەیە بۆ ماوەیەکی نادیار، بە ئامانجی پاراستنی سنوورەکان و نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان لە گرووپە چەکدارەکان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل روونیشی کردەوە، ناوچەکە لە دانیشتووانی ناوخۆیی پاک دەکرێتەوە، تەواوی ژێرخانەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی وێران دەکرێن، لەوانەش خانووانی نێو گوندە سنوورییەکان، ئەمەش گرنگترین وانەیە لە رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە وەرگیرابێت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی ئێستا و داهاتوو، دژی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلن لە لوبنان، ناتانیاهۆ ئەم بابەتەی بۆ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی دیکە روون کردووەتەوە، خۆشی دوێنێ بە هەمان شێوە بابەتەکەی بە پێیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتووە، سوپای ئیسرائیلیش لەسەر ئاستی پیشەیی و ئەمنی دژی کشانەوەیە.
کاتز ئەوەشی خستە روو، سازش لەسەر بەرژەوەندیی باڵای ئەمنیی ئیسرائیل و پاراستنی هاووڵاتییان ناکەن، ئەگەر ئێران بەهۆی رووداوەکانی لوبنانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بە تەواوی هێزیانەوە هێرش دەکەنە سەری.
هاوکات، رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، نتانیاهۆ بە ترامپی راگەیاندووە، ئیسرائیل پابەندی بەندەکانی رێککەوتنەکە نییە و لە لوبنان ناکشێتەوە، سوپاش لە شوێنەکانی ئێستای دەمێنێتەوە و وەڵامی هەر هێرشێکی حزبوڵڵا دەداتەوە.