راپۆرتێک: قەرزەکانی وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

راپۆرتێکی نوێی رێکخراوە ئەڵمانییەکان ئاشکرای دەکات، کە جەنگی ئێران و ئەمریکا کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر ئابووریی وڵاتانی هەژار و تازە گەشەسەندووەکان. بەپێی راپۆرتی قەرزی ساڵی 2026، ئێستا 44 وڵات بەدەست قورساییەکی بێوێنەی قەرزە دەرەکییەکانەوە دەناڵێنن و مەترسیی داڕمانی داراییان لەسەرە.

سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، هاوپەیمانی ئەڵمانی (Erlesyar.de) و رێکخراوی فریاگوزاری (Misereor)، لە راپۆرتێکی هاوبەشدا رایانگەیاند جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆ دەریاییەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک، ئەمەش باری دارایی وڵاتانی هەژاری قورستر کردووە. جگە لەو 44 وڵاتەی لە مەترسیی جددیدان، 25 وڵاتی دیکە قەرزەکانیان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و 15 وڵاتیش لەژێر هەڕەشەدان.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە 234 ملیۆن کەس لەو وڵاتانەدا لەژێر هێڵی هەژاریی تونددان، کە ئەمەش دەکاتە 18%ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە و دوو هێندەی تێکڕای هەژارییە لە جیهاندا. راپۆرتەکە ئەم دۆخە بە "شەرمەزارییەک بۆ مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا" وەسف دەکات.

بەپێی دوایین راپۆرتی قەرزی جیهانی، ئەو 45 وڵاتەی لە قەیرانی سەختدان، پارەی پێویستیان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک، قوتابخانە و نەخۆشخانە نەماوە، چونکە بەشێکی زۆری داهاتەکانیان دەچێت بۆ گیرفانی قەرزدەرە نێودەوڵەتییەکان. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە قەرزدەرە تایبەتەکان (بانکە ئەهلییەکان) گەورەترین بارگرانییان دروست کردووە، چونکە سوودێکی زۆر زیاتر لە دامەزراوە نێودەوڵەتییە فەرمییەکان وەردەگرن. لە وڵاتانی وەک ئەنگۆلا، لوبنان و کۆماری دۆمینیکان، زیاتر لە نیوەی قەرزەکان لای کەرتی تایبەتە.

راپۆرتەکە ئامارێکی مەترسیداری وڵاتێکی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەک لە ئەنگۆلا، 60%ـی تەواوی داهاتی وڵات تەنیا بۆ دانەوەی سوود و قستەکانی قەرزی دەرەکی تەرخان دەکرێت؛ هاوکات لە سەنیگال، 39%ی داهاتەکەی بۆ قەرز دەچێت، لە بەرانبەردا ئەڵمانیا تەنیا 2%ی داهاتی بۆ دانەوەی قەرز بەکاردەهێنێت.

مالینا شتوتس، لە هاوپەیمانی (Erlesyar.de) هۆشداری دەدات، ئەم دۆخە وای کردووە ئەو وڵاتانە چیتر بودجەیان بۆ کەرتە بنەڕەتییەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە و ژێرخان نەمێنێت، چونکە زۆربەی پارەکەیان دەچێتە گیرفانی قەرزدەرە بیانییەکان.

بنیامین رۆزنتال، شارەزای دارایی لە رێکخراوی (Misereor)، ئاماژەی بەوە کرد وڵاتی لوبنان بەهۆی ململانێ ناوچەییەکانەوە گەیشتووەتە ئاستی مایەپووچبوون و خەڵکەکەی لە نێو جەرگەی نەماندا دەژین؛ راشیگەیاند بەرزبوونەوەی تێچووی قەرز و سوودی بانکە ئەهلییەکان، وڵاتانی هەژاری خستووەتە ناو بازنەیەکی داخراوەوە کە ناتوانن لێی دەربچن.

راپۆرتەکە رەخنەی توند لە کەمکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و جەخت دەکاتەوە هەوڵەکانی پێشوو بۆ رێکخستنەوەی قەرزەکان لە وڵاتانی وەک گانا و سریلانکا سەرکەوتوو نەبوون. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر جەنگی ئێران بەردەوام بێت، جیهان رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی مایەپوچبوونی دەوڵەتان دەبێتەوە.

وڵاتە قەرزارەکان کەوتوونەتە ناو بازنەیەکی داخراو (Vicious Cycle)؛ بۆ ئەوەی قەرزە کۆنەکان بدەنەوە، ناچارن بودجەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی ببڕن، ئەمەش وڵاتەکەیان زیاتر بەرەو داڕمان دەبات و لە کاتی قەیرانەکاندا بێبەرگرییان دەکات. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەبێ دەستوەردانی جددیی نێودەوڵەتی بۆ سڕینەوە یان کەمکردنەوەی قەرزەکان، ئەم وڵاتانە هیچ دەرفەتێکیان بۆ گەشەکردن و رزگارکردنی هاووڵاتییانیان لە هەژاری نامێنێت.