مەسرور بارزانی: هەر لە دوای هەڵبژاردنەوە، خوازیاربووین کابینەی نوێ بە زووترین کات پێکبێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنرێت و هیوادارین چیدیکە ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕوو.

لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ، سەرۆکی حکوومەت، هیوای خواست، کابینەی نوێ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.

هاوکات لە بارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا، کابینەی نوێ پێک بهێنرێت و هیوادارین چیدیکە ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەرتی تایبەتیشی کرد کە رۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە کوردستان هەبووە.

لە کۆتاییدا، چەندین راسپاردە و پێشنیار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی پەیوەندیدار بە جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو و سەرۆکی حکوومەتیش وەڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.