فاینانشێڵ تایمز: نرخی نەوت 110 دۆلاری تێپەڕاند

بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوت گەیشتەوە ئاستی 110 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆوە نەبینی. رۆژنامەی "فاینانشێڵ تایمز" ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پەرەسەندنە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵە داراییەکان و زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵئاوسان لەسەر ئاستی جیهان.

سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی فاینانشێڵ تایمز ، نەوتی خاوی برێنت لە کاتی مامەڵەکانی رۆژی سێشەممەدا بە رێژەی 4% بەرزبووەوە و گەیشتە 112.70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 3.5% بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 100 دۆلار. ئەم هەڵکشانە دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای جەنگەکەوە نرخی نەوت لە 60 دۆلارەوە بۆ 119 دۆلار چەقەی بەستبوو.

کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشنیازی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە کە "هێڵە سوورەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئێران زۆر روونن،" کە مەبەست لێی رێگریکردنی تەواوەتییە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیووز گوتی، پێشنیازەکەی ئێران "باشتر بووە لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد،" بەڵام هێشتا چەندین پرسیار و گومان لە ئارادان، بەتایبەتی سەبارەت بەوەی ئایا ئەو لایەنەی پێشنیازەکەی داوە دەسەڵاتی فەرمیی هەیە یان نا. روبیۆ دووپاتی کردەوە کێشەی ئەتۆمی ئێران هێشتا "کرۆکی ململانێکەیە" و واشنتن لێی پاشەکشە ناکات.

لە نێو جەرگەی قەیرانەکەدا، هەواڵی ئەگەری کشانەوەی ئیمارات لە رێکخراوی "ئۆپێک" (OPEC) کەمێک نرخەکانی دابەزاند، بەڵام نەیتوانی رێگری لە بەرزبوونەوەی گشتی بکات. ئەم دۆخە بازاڕی قەواڵە داراییەکانی لە ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا تێکداوە. لە بەریتانیا، سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکان گەیشتە 5%، ئەمەش نیشانەی نیگەرانیی قووڵی وەبەرهێنەرانە لە هەڵئاوسانی نرخەکان.

موحیت کومار، گەورە ئابووریناسی ئەوروپی، هۆشداری دەدات کە "هەرچەندە گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئابووریی جیهانی کوشندەتر دەبن." جیهان ئێستا لە چاوەڕوانیی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپدایە لەسەر پێشنیازەکەی ئێران، کە دەکرێت یان ببێتە دەرچەیەک بۆ ئاشتی یان ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی توندتر لە جەنگ ببات.