سێنتکۆم: کەشتی جەنگی مەیسۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتی تێکشکێنەرێکی مەیسۆن کە سەر بە گرووپی جۆرج ئێچ دەبلیو بۆشە لە ئاوەکانی ناوچەکە و لە نزیک ئێران جێگیر کردووە.
چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتی جەنگی "یو ئێس ئێس مەیسۆن" (USS Mason DDG 87) لە ئاوەکانی ناوچەکە و لە چوارچێوەی سنووری بەرپرسیارێتی سێنتکۆمدا ئەرکەکانی ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، کەشتی جەنگی مەیسۆن لەگەڵ چەند تێکشکێنەرێکی دیکەدا، بەشێکن لە گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج ئێچ دەبلیو بوش".
ئەم جووڵە سەربازییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ستراتیژی گەمارۆی دەریایی وەک رێگەیەکی کاریگەرتر لە بۆردومانکردن دەبینێت بۆ ناچارکردنی ئێران تاوەکوو بێتە سەر مێزی دانوستان و رازی بێت بە رێککەوتنێک کە نیگەرانییەکانی واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بڕەوێنێتەوە.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی رایگەیاندوو: "ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن بۆ لادانی گەمارۆکە، چونکە ناتوانێت نەوت هەناردە بکات، ئێرانییەکان دەیانەوێت من گەمارۆکەیان لەسەر لابدەم، بەڵام من نامەوێت ئەوە بکەم و نامەوێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، بووە هۆی داخستنی کردەیی گەرووی هورمز، کە گرنگترین رێڕەوی گواستنەوەی نەوت و غازی جیهانە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەنداو بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا دروست کردووە و کڕیارانی نەوتی ناچار کردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێن.