شەش ئەندامی تیمی کەشتیی تۆسکا ئازاد کران

ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، 6 ئەندامی تیمی کەشتیی تۆسکا ئازاد کران، کە چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستبەسەر کرابوون.

چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، هەوڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانی ئێران بۆ ئازادکردنی 22 هاووڵاتی دیکەی ئێرانی کە لەناو هەمان کەشتیدا بوون و هێشتا لەلایەن ئەمریکاوە دەستبەسەرن، بەردەوامییان هەیە.

هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆی 28 ئەندامی کەشتی تۆسکا کە لە لایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرابوون، 6 کەس لە دەسگیرکراوەکان ئازاد کراون. 

سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی یەکشەممە، 20ـی ئەم مانگە، سوپای ئەمریکا لە نزیک کەناراوەکانی دەریای عومان دەستی بەسەر کەشتیی (تۆسکا)دا گرتووە، ئێران ئەم هەنگاوەی بە کردەوەیەکی نایاسایی و چەتەگەریی دەریایی ناو برد و جەختی کردەوە، پێشێلی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کارەی ئەمریکا پێشێلی زەقی رێککەوتنامەی ئاگربەستی 8ـی نیسانە و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی کرد، هەڵوێستی توند دژی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بگرنە بەر کە بووەتە مەترسی بۆ سەر بازرگانیی دەریایی نێودەوڵەتی.

هاوکات تاران داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کەشتییەکە، تیمی ناو کەشتییەکە و خێزانەکانیان کرد و رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی هەموو تواناکانی خۆی بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکان، ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی شکۆی هاووڵاتیانی بەکاردەهێنێت." لایەنی ئێرانی دووبارە جەختی کردەوە، بەرپرسیارێتی لێکەوتەکان و ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە لە ئەستۆی ئەمریکادایە.