لە فڕۆکەخانەیەکی ژاپۆن رۆبۆت لەجێگەی مرۆڤ بەکار دەخرێت
فڕۆکەخانەی هانێدا لە تۆکیۆی ژاپۆن ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە چینێکی نوێی کرێکاران بۆ ئەوەی لە مانگی داهاتووەوە بەرپرسیارێتی خزمەتگوزاری فڕۆکەخانەکە لە ئەستۆ بگرن، بەڵام کرێکارەکان رۆبۆتن.
هێڵی ئاسمانی ژاپۆن و کۆمپانیایەکی رۆبۆتیک رایانگەیاند، لە مانگی ئایاردا دەست دەکەن بە جێگیرکردنی رۆبۆتەکان بۆ یارمەتیدان لە مامەڵەکردن لەگەڵ جانتاکان و پاککردنەوەی فڕۆکەکان و کارپێکردنی ئامێرەکانی فڕۆکەخانە.
لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، کۆمپانیاکان ئاماژەیان بە کەمیی بەرچاوی کارمەندانی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی لە فڕۆکەخانەکاندا کردووە.
روونیان کردەوە، خواست لە کەرتی فڕۆکەوانیدا بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی گەشتیارییەوەیە، لە هەمان کاتدا ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن ئەوانەی تەمەنی کارکردنیان هەیە، لە کەمبوونەوەدایە.
ئەم رۆبۆتانە تا ساڵی 2028 زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی قۆناخبەندی چڕیان پێ ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لە کاریگەرییان لە شوێنی کاردا.