فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا بژاردەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەخەنە بەردەم ترەمپ

ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا کۆمەڵێک بژاردەی سەربازی سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ رۆیتەرز، وەزیری جەنگ و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا دەکەن بۆ پێشکەشکردنی بژاردەکانی گەمارۆدانی سەربازی بە ترەمپ، ئاماژەی بەوەشکردووە ئامانجی سەرەکی ئەم بژاردانە، فشارخستنە سەر ئێرانە بۆ ئەوەی ناچار بە گفتوگۆ بکرێت بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

لە بەرانبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وەستاندنی لێدوان و کارە پێشێلکاری و شەڕانگێزییەکانی ئەمریکا مەرجی سەرەکییە بۆ هەر پرۆسەیەکی متمانەسازی لە نێوان هەردوولادا، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە، تاران هەمیشە دیپلۆماسی و گفتوگۆی وەک کاری لە پێشینە بینیوە، بەڵام پێویستە جەنگ لە رێگەی دانوستانی جدییەوە کۆتایی پێ بهێنرێت.

گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ناوی "گەرووی هورمز"ی گۆڕیبوو بۆ "گەرووی ترەمپ".

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێران پێشتر پێشنیازی کردبوو گەرووەکە بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە، بەو مەرجەی ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، بەڵام تاران هێشتا جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت گەرووی هورمز بەبێ بوونی هێزەکانی ئەمریکا بەڕێوەببرێت.