ئەمریکا سوپەر ستالیۆن بۆ توندکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەخاتە کار
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هەلیکۆپتەری جۆری سوپەر ستالیۆن کە تایبەتە بە گواستنەوەی قورس، ئامادەکاری دەکات بۆ نیشتنەوە لەسەر پشتی کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس تەرابلوس"، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ پشتیوانیکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەلیکۆپتەرە یەکێکە لە گەورەترین و قورسترین جۆرەکانی هەلیکۆپتەر لە جیهاندا و بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی فرەچەشن بەکاردێت، لەوانە گواستنەوەی خێرای هێز و کەرەستە سەربازییەکان لە کەشتییەکانەوە بۆ کەناراوەکان و پشتیوانیکردنی کردە سەربازییەکان، هەروەها ئەم فڕۆکەیە توانای هەڵگرتنی 16 تۆن باری هەیە بۆ دووری 50 میل، ئەمەش توانایەکی ستراتیژیی گەورە دەداتە هێزەکانی ئەمریکا.
هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵە سەربازییانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران داوای لە واشنتن کردووە بە زووترین کات کار بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بکات.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و سەربازیی نێوان هەردوو وڵات، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر داوای نێوەندگیریی پاکستان، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران داوە کە لە 8ـی نیسانەوە دەستی پێکردووە، تا ئەو کاتەی تاران پێشنیازەکانی خۆی پێشکەش دەکات و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت، لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، گەمارۆی دەریایی لەسەر تەواوی بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت و هەڵناگیرێت.