موحسین رەزایی: هێگسێت شارەزای جوگرافیای کەنداو نییە
موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازی رێبەری باڵای ئێران، هێرشی توندی کردە سەر پیت هێگێست وەزیری جەنگی ئەمریکا و بە "بێ ئەزموون و نەخوێندەوار" ناوی برد.
هەینی 1ـی ئایاری 2026، موحسین رەزایی راوێژکاری سەربازی باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەگەر پیت هێگێست وەزیری جەنگی ئەمریکا وانەکانی بە باشی بخوێندایە و شارەزای جوگرافیا و ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و کەنداو بووایە، ئەمڕۆ سوپای ئەمریکای لە زۆنگاوێکدا تووش نەدەکرد کە تیایدا نە رێگەی چوونە پێشەوەی هەیە و نە رێگەی گەڕانەوە."
ئەو بەرپرسە ئێرانییە هۆشداریی دایە هێزەکانی ئەمریکا و گوتی: "لە کەنداو و دەریای عوماندا، وانەی زۆر و گەورە فێر دەبن."
ئەم قسانەی رەزایی لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە ناوچەکە و بەتایبەت لە دەوروبەری گەرووی هورمز و کەنداو گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لە رێگەی تەلەفۆنەوە دانوستان لەگەڵ تاران دەکەین،" بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە دوایین پێشنیازی ئێران رازی نیم.
ترەمپ رەخنەی توندی لە شێوازی بڕیاردانی تاران گرت و گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن چونکە هیچ سوپایەکیان نەماوە؛ نە هێزی دەریایی، نە ئاسمانی و نە بەرگری ئاسمانی." هەروەها ئاماژەی دا، سەرکردایەتی ئێران زۆر پەرتەوازەیە و دابەشبوون بەسەر 2 بۆ 4 گرووپدا و ناتوانن لەگەڵ یەکتر هەڵبکەن، هەرچەندە هەموویان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن بەڵام شڵەژاون.
ترەمپ سەبارەت بە تێپەڕبوونی 60 رۆژ بەسەر چالاکییە سەربازییەکان و پێویستی رەزامەندی کۆنگرێس رایگەیاند: "هیچ وڵاتێکی تر ئەمەی نەکردووە. زۆرینەی خەڵک بە نادەستووریی دەزانن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاگربەستەکە کاتی زیاتری پێ بەخشیوون، بەڵام وڵاتەکەی (ئەمریکا) لە رووی سەربازییەوە بۆ ماوەیەک رێگەی خۆی ون کردبوو، بەڵام ئێستا لەبەردەم سەرکەوتنێکی گەورەدان کە لە دوای ڤەنزوێلاوە وێنەی نەبووە.