واشنتن گەمارۆی دەریایی سەر ئێران توندتر دەکات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێکارەکانی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران و لە توندبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکەدا، لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا رێڕەوی 48 کەشتییان گۆڕیوە.
شەممە 2ـی ئایاری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەم هەنگاوەی گۆڕینی رێڕەوی کەشتییەکان بەشێکن لە بڵاوەپێکردنی بەردەوامی هێزە سەربازییەکان بە مەبەستی چاودێریکردنی جووڵەی دەریاوانی و جێبەجێکردنی ئەو سنووردارکردنانەی خراونەتە سەر چالاکییەکانی پەیوەست بە بەندەرەکانی ئێران".
هاوکات لەگەڵ بەیاننامەکەدا، وێنەی کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس نيو ئۆرليانز" بڵاوکراوەتەوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەم کەشتییە لە دەریای عەرەب بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی گەمارۆی دەریایی، ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت، سوپای ئەمریکا چەندین جار پشکنینی بۆ ئەو کەشتیانە کردووە کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێ دەکرێت.
بارودۆخی ناوچەکە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە رووی لە گرژیی زیاتر کردووە، دوای ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی داخست و هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، بڕیاری سەپاندنی گەمارۆی هەمەلایەنە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا لە لایەن واشنتنەوە دوای ئەوە هات کە هەوڵەکانی ئاشتی لە پاکستان بێ ئەنجام بوون.