پچڕانی ئینتەرنێتی ئێران، بازاڕی زەعفەرانی ئەفغانستانی گهرم كردووه
بەهۆی بڕینی ئینتەرنێتەوە قەیرانێکی گەورە رووی لە بازاڕی زەعفەرانی وڵاتەکەیان کردووە، بەمەش بازرگانانی ئەفغانستان زەعفەرانی ئێران بە هەرزان دەکڕن و بە ناوی خۆیانەوە هەناردەی جیهانی دەکەن.
ئەمیرحوسێن سابتی، نوێنەری پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەم زووانە ئینتەرنێت ناکرێتەوە و بڕینەکە بەردەوام دەبێت.
ئەمیرحوسێن سابتی ئاماژەی بەوە کرد، مەسعوود پزیشکیان سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکات و بڕیاری بڕینی ئینتەرنێتیش بە رەزامەندیی ئەو بووە.
بەهۆی بەردەوامیی بڕینی ئینتەرنێتەوە، بازاڕی زەعفەرانی ئێران رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر 90%ـی پێداویستییەکانی جیهانی بۆ ئەو بەرهەمە دابین دەکرد. ئەم دۆخەش بووەتە هەلێکی زێڕین بۆ بازرگانانی ئەفغانستان تاوەکوو جێگەی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا بگرنەوە.
زیاتر لە دوو مانگە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران بڕدراوە، ئەوەش بەرهەمهێنەرانی زەعفەرانی لە کڕیارە سەرەکییەکانیان لە ئەوروپا و چین دابڕاندووە.
ئێستا بازرگانانی ئەفغانستان، زەعفەرانی ئێران بە نرخێکی هەرزان و بە شێوەی نافەرمی دەکڕن، دواتر بە ناوی خۆیانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکەن و بەهای ساڵانەی ئەو بەرهەمەش بە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.