بەرهەمهێنەرانی پەین و جووتیارانی ئەڵمانیا رووبەڕووی لێکەوتەکانی جەنگی ئێران دەبنەوە

 شارۆچکەیەکی ئەڵمانی هەوڵەکانی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پەینی کشتوکاڵی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا خێرا کردووە.

شارۆچکەی "ویتنبێرگ" لە ئەڵمانیا کە بە مەڵبەندی چاکسازیی ئایینی ناسراوە، کارگەیەکی گەورەی کیمیایی لێیە کە مێژووی دامەزراندنی بۆ ساڵی 1915 و لە ناوەراستی جەنگی یەکەمی جیهانیدا دەگەڕێتەوە. ئەو کاتە ئامانجی کارگەکە بەرهەمهێنانی نایترۆجین بووە بۆ تەقەمەنی و پەین، تاوەکو رێگری لە پەککەوتنی هاوردە بکرێت.

دوای زیاتر لە سەدەیەک، ئێستا داخستنی گەرووی هورمز هەمان مەترسی دروست کردووەتەوە. کریستۆفەر پڕۆفیتلیچ، گوتەبێژی کۆمپانیای SKW بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند؛ داخستنی گەرووی هورمز دەریخست کە رێگەکانی گواستنەوەی دەریایی هەر کاتێک بێت ئەگەری پەککەوتنیان هەیە، بۆیە بوونی بەرهەمهێنان لە ناوخۆی ئەوروپا گرنگییەکی ستراتیژی هەیە.

بەگوێرەی ئامارەکان، یەک لەسەر سێی پەینی کشتوکاڵی جیهان لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت. رێکخراوی بازرگانی جیهانی (WTO) هۆشداری دەدات کە داخستنی ئەو گەرووە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی جیهان، بەتایبەت لە کیشوەری ئەفریقا و باشووری ئاسیا.

کۆمپانیای SKW کە گەورەترین بەرهەمهێنەری "یۆریا"یە لە ئەڵمانیا، ئێستا کارگەکەی بە هەموو توانای خۆیەوە کار دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕدا دروست بووە. پێشبینی دەکرێت داهاتی کۆمپانیاکە ئەمساڵ بە رێژەی 10% بۆ 20% زیاد بکات، بەڵام بەهۆی ناجێگیری بازاڕەوە دڵنیایی تەواو نییە.

سەرەڕای زیادبوونی داهات، کارستن فرانک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت ئەوان "قازانج لە جەنگ ناکەن"، چونکە تێچووی وزە زۆر بەرز بووەتەوە. نرخی گاز لەوەتەی دەستپێکردنی ململانێکان لە 28ـی شوباتەوە، دوو هێندە زیادی کردووە و 80%ـی بەرهەمهێنانی کارگەکەش پشت بە گاز دەبەستێت.

لە لایەکی دیکەوە، جووتیاران رووبەڕووی بارگرانییەکی زۆر بوونەتەوە. گێرهارد گێویتز، جووتیارێکی ئەڵمانییە و دەڵێت لەوەتەی جەنگ دەستی پێکردووە، نرخی پەین بە رێژەی 50% بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی دانەوێڵە لە بازاڕدا جێگیرە، ئەمەش وای کردووە جووتیاران خۆیان تێچووە زیادەکان بگرنە ئەستۆ. گێویتز نیگەرانە لەوەی ئەگەر جەنگ درێژە بکێشێت، ساڵی داهاتوو جیهان رووبەڕووی قەیرانی نەبوونی پەینی کشتوکاڵی ببێتەوە.

کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی پەینی ئەڵمانی (BVDM) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەبێ بەرهەمهێنەری ناوخۆیی و کشتوکاڵێکی رکابەر، ئاسایشی خۆراک لە ئەوروپا بە جیدی دەکەوێتە مەترسییەوە و پشتبەستن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان ریسکێکی گەورەیە.