ئامارەکانی سێنتکۆم و تانکەر تراکەرز لە گەڕاندنەوەی کەشیییەکانی ئێران جیاوازن

جیاوازی لە ئامارەکان؛ سێنتکۆم دەڵێت 49 کەشتیی بازرگانیمان گەڕاندووەتەوە و "تانکەر تراکەرز" دەڵێت 7 کەشتی بووە

ئامارە نوێیەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) و داتاکانی ماڵپەڕی چاودێریی کەشتییەکان (TankerTrackers.com) جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ژمارەی ئەو کەشتییانەدا نیشان دەدەن کە لە مانگی نیساندا رێگرییان لێ کراوە، بەڵام هەردوولا لەسەر کاریگەریی قورسی گەمارۆکە هاوڕان.

یەکشەممە 3ـی ئایری 2026، براد کوپەر، فەرماندەیی فەرماندەیی ئەمەریکا لە گوتارێکدا بۆ سەربازانی سەر کەشتییەکە جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی پابەندن بە جێبەجێکردنی توندی گەمارۆکە. بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، تا ئێستا 49 کەشتیی بازرگانی بەهۆی رێکارە سەربازییەکانەوە ناچار کراون ئاراستەی گەشتەکانیان بگۆڕن بۆ ئەوەی پابەندی بڕیارەکانی گەمارۆکە بن.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی (TankerTrackers.com) کە تایبەتە بە چاودێریی جووڵەی نەوتهەڵگرەکان، راپۆرتێکی وردی لەسەر شکستی هەوڵەکانی ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت بڵاو کردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، لە مانگی نیسانی 2026دا کۆی گشتی 25 کەشتی نەوتهەڵگر لە ئێرانەوە بەرێکەوتبوون، بەڵام تەنیا یەک دانەیان توانیویەتی بگاتە رۆژهەڵاتی دوور.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لەو 25 کەشتی نەوتهەڵگرە، 7 دانەیان لە دەریای عەرەب و ئۆقیانووسی هیندی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە رێگەیان لێ گیراوە و ناچار کراون بگەڕێنەوە بۆ ئێران. هەروەها 2 نەوتهەڵگری دیکەش لە ناو جەرگەی ئۆقیانووسی هیندی لەلایەن ئەمریکاوە بە تەواوی دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمش لە کاتێکدایە، داتاکانی سێنتکۆم و ئەو ماڵپەرە دوو ئاماری جیاوازیان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام گەڕاندنەوەی ئەو ژمارەی بەرزەی کەشتییەکانی ئێران نیشانە ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بەربەستێکی توند لەبەردەم بازرگانی وزەی ئێراندا دروست بکەن و کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر کەمکردنەوەی داهاتەکانی ئەو وڵاتە هەبووە لە رێگەی گەمارۆ دەریاییەکانەوە.