ئاژانسی دەریایی بەریتانیا: هێرش کرایە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی ئێران
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) هۆشدارییەکی بەپەلەی لەبارەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک کەناراوەکانی ئێران بڵاوکردەوە و داوای لە کەشتییەکان کردووە لە کاتی تێپەڕبوون بەو ناوچەیەدا وریابن.
بەپێی راپۆرتێکی فەرمیی ئاژانسی UKMTO کە لە 3ـی ئایاری 2026 دەرچووە، کەشتییەکی گەورەی بارهەڵگر (Bulk Carrier) کە بەرەو باکوور گەشتی کردووە، لە دووری 11 میل لە رۆژئاوای شاری سیریک لە کەناراوەکانی ئێران، رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کاپتنی کەشتییەکە هەواڵی هێرشەکەی داوە، کە لەلایەن چەند بەلەمێکی بچووکەوە ئەنجام دراوە, لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەموو ستافی کەشتییەکە هەواڵی سەلامەتی خۆیان داوە و هیچ زیانێکی ژینگەیی بەهۆی هێرشەکەوە نەکەوتووەتەوە.
ئاژانسی UKMTO داوای لە هەموو ئەو کەشتییانە کردووە کە لەو ناوچەیەدا هاتوچۆ دەکەن، بە وریاییەکی زۆرەوە تێپەڕبن و هەر چالاکییەکی گوماناوی دەستبەجێ بە ئاژانسەکە رابگەیەنن، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەی تەنگەی هورمز و کەناراوەکانی ئێران گرژییەکی زۆری ئەمنی و سەربازییان بەخۆوە بینیوە.