بەڵگەی نوێ لەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ؛ یەکێک لە پاسەوانەکانی بریندار بووە
داواکاری گشتی واشنتن رایگەیاند، بەڵگەی تەواویان لەبەردەستە کە نیشان دەدات لە کاتی هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ لە ئاهەنگی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، ئەفسەرێکی خزمەتگوزاری نهێنی بە گوللەی تۆمەتبارەکە بریندار بووە.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، جانین پیرۆ، داواکاری گشتی لە ناوچەی واشنتن، رایگەیاند، حکوومەتی ئەمریکا بەڵگەی هەیە کە یەکێک لە فەرمانبەرە فیدراڵییەکان بە فیشەک بریندار بووە. ئەمەش لە کاتی هەوڵێکی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا.
پیرۆ لە بەرنامەی (State of the Union) لە کەناڵی (CNN) گوتی: "ئێستا دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە ئەو فیشەکەی لە چەکی تۆمەتبارەکەوە تەقێنراوە، ئێلەگی گوللە نەبڕی پاسەوانەکەی بڕیوە." پیرۆ جەختیشی کردەوە کە "بە فیشەکی تۆمەتبارەکەیە بریندار کراوە."
تۆمەتبارەکە ناوی کۆڵ تۆماس ئالنە و تۆمەتبارە بەوەی لە 25ـی نیساندا، بازگەیەکی ئەمنی بەزاندووە و لەو رێڕەوەی بەرەو هۆڵی ئاهەنگی پەیامنێرانی کۆشکی سپی دەچوو، تەقەی کردووە.
ئێستا چەندین تۆمەت ئاراستەی ئالن کراون، لەوانە: هەوڵی تیرۆرکردن، بەکارهێنانی چەک لە کاتی ئەنجامدانی تاوانێکی توندوتیژیدا، و گواستنەوەی نایاسایی چەک و تەقەمەنی لە نێوان سنووری ویلایەتەکاندا. تا ئێستا تۆمەتبارەکە هیچ لێدوان و دانپێدانانێکی فەرمی نەبووە.
کاتژمێر 8:30ـی شەوی شەممە 26ـی نیسانی 2026، بە کاتی واشنتن بوو، ترەمپ و میلانیای هاوسەری لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ئەندامانی کابینەکەی، لە نێو هۆڵی گەورەی هوتێل واشنتن هیڵتن دانیشتبوون و گوێیان لە نمایشێکی هونەری دەگرت. لە دەرەوەی هۆڵەکە، چەکدارێک بەناوی کۆڵ تۆماس ئالین تەمەن 31 ساڵ، بە چەکێکی جۆری (Shotgun)، دەمانچەیەک و چەندین چەقۆوە، بە خێراییەکی زۆر خاڵی پشکنینی تێپەڕاند.