ئەمریکا کەشتییەکی ئێران و تیمەکەی رادەستی پاکستان کرد
گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) بە تۆڕی (ABC)ی راگەیاند؛ ئەو کەشتییە ئێرانییەی پێشتر لەلایەن واشنتنەوە بەهۆی هەوڵی بەزاندنی گەمارۆی دەریایی دەستی بەسەردا گیرابوو، گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی پاکستان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، کاپتن تیم هۆکینس، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی بە تۆڕی "ئەی بی سی" نیوزی رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ پڕۆسەی گواستنەوەی 22 ئەندامی تیمی کەشتی 'تۆسکا'یان بۆ پاکستان کۆتایی پێهێنا، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان." ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەی رابردوو 6 سەرنشینی دیکەی هەمان کەشتی گواستراونەتەوە بۆ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە تاوەکو بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران، بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی تاران، ئەو شەش کەسە ئەندامی خێزانی هەندێک لە کارمەندانی کەشتییەکە بوون.
سەبارەت بە چارەنووسی کەشتییەکە، هۆکینس گوتی: "ئێستا کەشتی 'تۆسکا' لە پرۆسەی گەڕاندنەوەدایە بۆ خاوەنە رەسەنەکەی، دوای ئەوەی مانگی رابردوو لە کاتی هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر ئێران، رێگری لێکرا و دەستی بەسەردا گیرا."
پێشتر جەنەراڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن رایگەیاندبوو؛ رووداوەکە بۆ 19ـی نیسان دەگەڕێتەوە. بە گوتەی ئەو، تیمی کەشتییەکە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر هۆشدارییەکانی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکایان پشتگوێ خستووە، ئەمەش وای کردووە کەشتییەکی جەنگی (Destroyer) چەند قازیفەیەک ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتییە بارهەڵگرەکە بکات و دواتر هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا چوونەتە سەری و دەستیان بەسەردا گرتووە.