بەریتانیا هۆشداریی دەداتە کەشتیوانەکانی گەرووی هورمز
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، دەستەی کەشتیوانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاستی هەڕەشە ئەمنییە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز هێشتا لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ رزگارکردنی ئەو کەشتیانە دەستپێکردووە کە لە گەرووەکەدا گیریان خواردووە.
دەستە کەشتیوانی بەریتانیا لە راگەیندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، پێشبینی دەکرێت هاتوچۆی دەریایی قەرەباڵغی تێبکەوێت، داواشی لە دەریاوانان کردووە چاوەڕێی زیادبوونی هێزە سەربازییە دەریاییەکان و توندکردنی رێکارەکان بکەن، هەروەها ئەگەری هەیە پەیوەندیی تەلەفۆنی و بێتەلی زۆریان پێوە بکرێت.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەمریکا ناوچەیەکی ئەمنیی توندوتۆڵی بۆ پشتیوانیکردن لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دروست کردووە، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" دێت کە ئامانج لێی دەرهێنانی ئەو کەشتیانەیە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە گیریان خواردووە.
دەستەی کەشتیوانی بەریتانیا ئامۆژگاری ئەو کەشتیانە دەکات کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، رێڕەوی کەناراوەکانی عومان بەکاربهێنن، هەروەها جەخت کراوەتەوە، پێویستە بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتەکان، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عومان بکەن لە رێگەی کەناڵی پەیوەندی بێتەلی دەریایی (VHF) ژمارە 16.
رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" راگەیاند. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە بۆ هاوکاریکردن و ئازادکردنی کەشتیی ئەو وڵاتانەیە کە لایەنگر نین لە ململانێکان لەگەڵ ئێران و لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە، تا ئێستاش تاران هیچ کۆمێنتێکی فەرمی لەسەر ئەم لێدوانانە و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە نەداوە.