عێراق؛ چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران دیاری دەکرێن و هەفتەی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە

کارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە خێرایی دەچنە پێش و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کاندیدی راسپێردراو ناوی وەزیرەکان رادەستی پەرلەمان بکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، حکوومەتی داهاتوو گۆڕانکاری لە پێکهاتەی جێگرەکاندا دەکات و چەند وەزیرێکیش لە پۆستەکانیان دەمێننەوە.

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی داهاتوو چوار جێگری دەبێت، کە بەسەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەدا دابەش دەبن، ئاماژەی بەوەشکرد، جێگرەکان بۆ کاروباری دەرەوە، نەوت، ئابووری و پلاندانان دەبن، بە جۆرێک دوو جێگریان بۆ لایەنە شیعەکان، جێگرێک بۆ کورد و جێگرێکی دیکە بۆ پێکهاتەی سوننە دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تەیف سامی، وەزیری دارایی ئێستای عێراق، لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت و وەک وەزیری دارایی کابینەی نوێ دەمێنێتەوە، سەبارەت بە وەزارەتە سیادییەکانی دیکەش، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا کێشە لە نێوان لایەنە شیعە و سوننەکاندا هەیە، بەتایبەت لەسەر وەزارەتی نەوت کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە بۆ کام لایەن دەبێت.

لەمبارەیەوە، عەبدوڵڵا زەیدی، سەرکردە لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت ئەنجام دەدرێت، زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنێکی نیشتمانی بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت هەیە و بەهۆی ئەو لێکتێگەیشتنانەی کراون، دەنگدان بە کابینەکە بە ئاسانی تێدەپەڕێت.

زەیدی راشیگەیاند، عەلی زەیدی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی ناوی وەزیرەکان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، باسی لەوەش کرد کە دابەشکردنی پۆستەکان هاوشێوەی حکوومەتی پێشوو دەبێت، بەڵام پێویستییان بە گفتوگۆیەکی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر کە هەمووان لێی رازی بن.

چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، کۆتایی بە سەرجەم رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بهێنرێت و لایەنەکان لەسەر پۆستە کێشە لەسەرەکان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.