بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی باجی گومرگی کۆدەبنەوە

گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا و چەند بەرپرسێکی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بارەی باجی گومرگی نوێ لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجام دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کۆبوونەوەیە دوای هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ سەپاندنی باجی گومرگیی نوێ بەسەر کاڵا ئەوروپییەکاندا.

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، مارۆش سیفکۆڤیچ، کۆمیساری بازرگانیی یەکێتیی ئەوروپا، رۆژی سێشەممە لە پاریس لەگەڵ جامیسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بارەی باجی گومرگی نوێ لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجام دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کۆبوونەوەیە دوای هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ سەپاندنی باجی گومرگیی نوێ بەسەر کاڵا ئەوروپییەکاندا.

ئەم کۆبونەوەی بەرپرسانی ئەوروپا دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەنیازە لەم هەفتەیەوە باجی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگرە ئەوروپییەکان زیاد بکات، ترەمپ یەکێتیی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بەوەی پابەند نەبووە بە رێککەوتنی گومرگیی پێشوو، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا بە توندی ئەم تۆمەتانەی رەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، بەتەواوی پابەندی بەندەکانی "بەیاننامەی هاوبەش" بوون.

تۆماس رێنیێ، گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: "ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە پابەندی بەڵێنە هاوبەشەکانمان بووین، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکەی نێوان سیفکۆڤیچ و گریر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە پاریس دەبێت و ئامانج لێی رێگریکردنە لە پەرەسەندنی کێشە بازرگانییەکان.

هەرچەندە پەرلەمانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرایی رێککەوتنی بازرگانیی نێوان هەردوولای پەسەند کردووە، بەڵام هێشتا پێویستی بە هەندێک رێکاری تەکنیکی و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام هەیە پێش ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنی کۆتاییەوە.

گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەوروپا جەختی کردەوە، ئەوان نایانەوێت زمان و ئاستی هەڕەشەکان بەرز بکەنەوە و هەوڵەکانیان لەسەر قۆناغی جێبەجێکردن چڕ کردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵنەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر بڕیارێکی نوێی واشنتن.