ناوەرۆکی پرۆژەبریارەکەی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، واشنتن و وڵاتانی کەنداو کار بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەبڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز.
مايک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو کار بۆ داڕشتنی پڕۆژەبڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە.
مايک واڵتز روونیشی کردەوە، ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ بەحرێن و بە بەشداریی سعوودییە، کوێت، قەتەر و ئیمارات پڕۆژەبڕیارە نوێیەکە دادەڕێژێت و دانوستانەکان لەم هەفتەیەدا بەڕێوەدەچن.
پڕۆژەبڕیارەکە بە توندی سەرکۆنەی هێرش و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەکات، هەروەها ئەو چالاکییانەش سەرکۆنە دەکات کە ئازادی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا پەکیان خستووە، لەوانەش چاندنی مینی دەریایی و سەپاندنی باجی نایاسایی.
پڕۆژەکە ئەو کارانە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەزانێت، ئەمەش دەیخاتە چوارچێوەی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و دەرگا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی ناچارکەر دەکاتەوە.
پڕۆژەبڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان، هەموو کەشتی و فڕۆکەیەک مافی تێپەڕینیان بە گەرووی هورمزدا هەیە بەبێ هیچ رێگرییەکی نایاسایی.
هەروەها داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ سەرجەم هێرش و هەڕەشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هەر هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە هاتوچۆی دەریایی رابگرێت.
هاوکات، پڕۆژەکە تاران پابەند دەکات بە ئاشکراکردنی ژمارە و شوێنی ئەو مینە دەریاییانەی لە گەرووەکە و دەوروبەریدا چاندوونی و کار بۆ هەڵگرتنەوەیان بکات، بەبێ ئەوەی رێگری لە هەوڵی وڵاتانی دیکە بۆ پاککردنەوەی مینەکان بکات.
پڕۆژەبڕیارەکە داوا لە تاران دەکات هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی مرۆیی لە گەرووی هورمز بۆ مسۆگەرکردنی رۆیشتنی کاڵا سەرەکییەکان، لەوانە خۆراک و پەین، وەک لە پڕۆژەکەدا هاتووە بەهۆی رێکارەکانی ئەم دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها، قەدەغەی دەکات هیچ وڵاتێکی ئەندام پاڵپشتی ئێران بکات لە داخستنی گەرووی هورمز یان سەپاندنی کۆتوبەند لەسەر دەریاوانی تێیدا، لە هەمان کاتیشدا مافی وڵاتان بۆ بەرگریکردن لە کەشتییەکانیان بەرانبەر هێرشەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دووپات دەکاتەوە.
پڕۆژەکە پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی ناوچەکە دەردەبڕێت، لەوانەش درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری پاکستان.
لە کۆتاییدا پڕۆژەبڕیارەکە داوا لە سکرتێری گشتی دەکات لە ماوەی 30 رۆژدا راپۆرتێک لەبارەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکەوە پێشکەش بکات، ئاماژە بەوەش دەکات ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەیە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر، لەوانەش سەپاندنی سزاکان، لە کاتی پابەندنەبووندا.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت رووسیا و چین وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش لە مانگی رابردوودا رێگرییان لە بڕیارێک کرد کە واشنتن لەو رێگەیەوە دەیویست، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی دەریاوانی لەو رێڕەوە ئاوییەدا خێراتر بکات.