پەرلەمانتارێک: لە 24 رێڕەو پاشماوەی پیس دەڕژێتە ناو رووباری دیجلە

یوسف کیلابی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای راگەیاندنی باری نائاسایی بۆ پرسی ئاو دەکات، هاوکات هۆشداری توند دەدات لە بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوون لە رووباری دیجلە و ئەو لێکەوتە تەندروستییە مەترسیدارانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

کیلابی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "لە 24 دەرچە و رێڕەو، پاشماوەی پیس دەڕژێنە ناو رووباری دیجلە، جگە لەوەی رووباری دیالە بە یەکێک لە پیسکەرە سەرەکییەکان دادەنرێت، چونکە ئاوی قورس و پاشماوەکانی تێدا کۆدەبێتەوە و لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاودا، ئەو هەموو پیسییە دەگوازرێتەوە بۆ ناو دیجلە و قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە."

سەبارەت بە چارەسەری دۆخەکە ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمان بەدواداچوون بۆ چەند پڕۆژەیەک دەکات، لەوانە پڕۆژەی عەتاریە کە درێژییەکەی 49 کیلۆمەترە. دەشڵێت، "ئەم پڕۆژەیە پێشتر تەواوکرابوو، بەڵام دوای ساڵی 2003 بەهۆی دزین و کارە تێکدەرانەکانەوە پەکیکەوت، ئەوەش وایکرد دووبارە ئاوی ئاوەڕۆکان بەبێ چارەسەر بڕژێنەوە ناو رووبارەکان."

لە کۆتاییدا کیلابی جەختی کردەوە، کارەکانیان بۆ چاودێریکردنی ئەم دۆسیەیە بەردەوامە و پشتگیرییەکی فەرمی هەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پیسبوون و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان، بەتایبەت کە ئێستا مەترسییە ژینگەییەکان بوونەتە هەڕەشەیەکی ستراتیژی لەسەر ئاسایشی تەندروستی و ئاوی وڵات.