لە میانمار یاقووتێکی زەبەلاحی 11 هەزار قیراتی دۆزرایەوە
میدیا فەرمییەکانی میانمار رایانگەیاند، یاقووتێکی سووری دەگمەن و زەبەلاح بە کێشی 11 هەزار قیرات دۆزراوەتەوە. ئەم بەردە گرانبەهایە بە یەکێک لە گەورەترین ئەو یاقووتانە دادەنرێت کە تا ئێستا لەو وڵاتەدا دۆزرابێتەوە، کە بە "نیشتمانی بەردە گرانبەهاکان" ناسراوە.
رۆژنامەی (Global New Light of Myanmar)ـی حکوومی، وێنەی مین ئۆنگ هلاینگ، سەرۆکی میانماری بڵاوکردووەتەوە کە لە نووسینگەکەی چاودێری ئەو بەردە یاقووتە دەکات کە کێشەکەی 2.2 کیلۆگرامە (4.8 پاوەند).
حکوومەتی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، یاقووتەکە لە ناوچەی (Mogok) دۆزراوەتەوە و بەردێکی "زۆر گەورە و دەگمەنە". رەنگی یاقووتەکە سوورێکی مۆرکاوە و لە رووی جۆری رەنگەوە بە یەکێک لە پلە بەرزەکان دادەنرێت.
هەرچەندە ئەم یاقووتە لە رووی قەبارەوە بچووکترە لەو یاقووتە 21450 قیراتییەی لە ساڵی 1996 لە هەمان ناوچە دۆزرایەوە، بەڵام حکوومەت دەڵێت ئەمەی ئێستا بەهادارترە، چونکە لە رووی رەنگ، روونی و کوالێتییەوە زۆر سەرترە، هەرچەندە نرخێکی دیاریکراوی بۆ دانەنراوە.
ناوچەی "مۆگۆک" لە هەرێمی ماندالای، مێژوویەکی درێژی لە ململانێی پاشا و جەنگاوەرەکاندا هەیە لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو بەردە دەگمەنانەی کە بە "خوێنی کۆتر" ناسراون. یاقووتەکانی ئەم ناوچەیە بە گرانترین جۆری یاقووت لە جیهاندا دادەنرێن و بەهای هەندێکیان دەگاتە چەندین ملیۆن دۆلار.
ئەم دۆزینەوەیە لە کاتێکدایە، میانمار لە ساڵی 2021ـەوە لە ژێر دەسەڵاتی سەربازیدایە و مین ئۆنگ هلاینگ، فەرماندەی پێشووی سوپا، مانگی رابردوو وەک سەرۆکی وڵات سوێندی یاسایی خوارد.