شارەوانییەکانی هەولێر: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران خێراتر دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە کارەکانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران وەستابوون، بەڵام جارێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 8ـی ئایاری 2026، مەریوان حاکم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بەماڵپەری کوردستان 24ـی گوت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران خێراتر دەکرێت و راییکردنی کارەکان خێراتر دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوو گرژیی لە ناوچەکەدا هەبوو، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی وەستابوو، بەڵام کارکردن دەستیپێکردووەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.

تاوەکو ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر 15 قۆناغی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەچوونە.

 لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.