بەریتانیا.. هونەرمەندێکی کورد بەشداری فێستیڤاڵێکی موزیکی جیهانی کرد

خەبات عەباس، خانمە موزیکژەنی کورد، بەشداری فێستیڤاڵێکی میوزیکی جیهانی بەناوی "ئاسمانێکی تر" کرد، کە لە بەریتانیا لە شاری مانچێستەر بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، خەبات عەباس، خانمە  هونەرمەندی کورد بە کوردستان24ی گوت، "فێستیڤاڵی "ئاسمانێکی تر"، بوو بە سەکۆیەکی گرنگ بۆ پیشاندانی کارە نوێ و هەستیارەکانی هونەرمەندانی کورد، کە لەنێویاندا من بەرهەمێکی جیاواز و نوێم پێشکەش کرد. هەروەها لە بواری میوزیک و تاقیکردنەوەی دەنگی، من راسپێردرام بۆ ئەوەی کارێکی تایبەت بۆ ئەم فێستیڤاڵە دابنێم. بەرهەمەکەم بە شێوەیەکی نوێ هاتە پێش، کە تێیدا چەلۆ و کەمانچە لەگەڵ دەنگی ئەلیکترۆنی و ئامێری تایپکردن تێکەڵم کردن، ئەوەش وایکرد کە رەنگێکی تایبەتی هەبێت و سنووری مۆسیقای کلاسیک و مۆدێرن تێپەڕێنێت."

خەبات عەباس گوتیشی، "ئەم کارە بە هاوکاریی هەردی کوردە پێشکەش کرا، و لە بنەڕەتدا رەنگدانەوەیەکی قوڵی یادەوەرییەکانی دایکی من بوو. لەناو ئەم بەرهەمەدا، یادەوەری و هەستە کەسایەتییەکان وەک شوێنی خۆڕاگری، ئازار، و گۆڕانکاری لە ژیاندا وێنە دەکرێن. ئەو دەنگانەی لە کۆمەڵەی ئامێرە جیاوازەکان دروست بوون، بە شێوەیەکی هونەری باس لە ژیان و گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ناو خۆی دەکات."

ئەو خانمە موزیکژەنە باس لە گرنگی ناونیشانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "ناونیشانی کارەکە بە نامەیەکی نائاسایی دانراوە، ناوێک کە خۆی راماڵینێکی مێژوویی و هەستیار لەخۆدەگرێت. ئەم ناونیشانە ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییەی نێوان مرۆڤ و یادەوەرییەکان، کە زۆرجار بە شێوەیەکی نائاسایی و ناڕوون لە هەست و بیرکردنەوەدا دەردەکەون."

خەبات عەباس ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم بەرهەمەی من دووبارە لە زنجیرە کۆنسێرتی "ئیرۆتێم"دا پێشکەش دەکرێتەوە، کە لە شاری مانچێستەر بەڕێوەدەچێت. "ئیرۆتێم"، وەک زنجیرەیەک لە کۆنسێرتە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵ دەدات کارە نوێ و تاقیکراوەکان بگەیەنێتە بینەرانی جیهانی، و هاوکارییەکی نزیکی لەگەڵ فێستیڤاڵی "ئاسمانێکی تر" هەیە، بۆیە پێشکەشکردنی دووبارەی ئەم کارە لە مانچێستەر، نیشانەی گرنگی و کاریگەریی ئەو بەرهەمەیە، کە توانای ئەوەی هەیە سنووری ناوخۆیی تێپەڕێنێت و بگاتە ئاستی نێودەوڵەتی."

خەبات عەباس خانمە هونەرمەندێکی کوردە کە لە بواری میوزیک و دەنگسازیی نوێدا کار دەکات. کارەکانی زۆرجار تێکەڵکردنی موزیکی کلاسیک و تەکنەلۆجیای مۆدێرنن، بە تایبەتی بەکارهێنانی دەنگی ئەلیکترۆنی و شێوە نوێکان لە پێشکەشکردنی مۆسیقا. لە ماوەی کاری هونەریی خۆیدا، بەشداریی چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە، و هەمیشە هەوڵیداوە کارەکانی ببن بە دەنگێک بۆ باسکردنی بابەتە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان.
بەرهەمەکانی خەبات عەباس زۆرجار پشت بە یادەوەری، ناسنامە، و ئەزموونی تایبەتی دەبەستن، کە وایانکردووە شوێنێکی تایبەتی لەناو دنیای مۆسیقای هاوچەرخدا بگرێت.