سوپاسالاری ئەمریکا: 1550 کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە
سوپاسالاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز راگەیاند و ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 15 هەزار سەربازیان بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردەوە بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی جێگیر کردووە. هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و جەختی کردەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو کەشتی بە سەلامەتی، بەڵام ئێران لە دوای ئاگربەستەوە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هێزەکانی ئەمریکا
سێشەممە 5ـی ئایاری 2026، دان کین، سوپاسالاری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ، وردەکارییەکانی ئۆپراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز خستەروو. کین رایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆیە لە گەرووەکەدا."
سوپاسالاری ئەمریکا ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 15 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا جێگیر کراون و دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی و ئاسمانی؛ گوتیشی: "ئێمە تۆڕە تاکتیکییەکانی نەوەی نوێ بەکاردەهێنین کە بە ژیریی دەستکرد (AI) کار دەکەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکان بە وردی و خێراییەکی زۆر."
کین ئاماژەی بەوە دا، کۆی گشتیی ئەو سەربازانەی لە گەرووی هورمز هەن، 22 هەزار و 500 مارینزن، هەروەها هەزار و 550 کەشتی بازرگانی لە ناوچەکەدا جێگیر بوون، بەڵام بەهۆی هەڕەشە و هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانەوە، ناتوانن بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ بن و گیریان خواردووە.
سوپاسالاری ئەمریکا، ئاشکراشت کرد، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە ئێران 9 جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، دەستی بەسەر 2 کەشتی گەورەی بارهەڵگردا گرتووە و زیاتر لە 10 جار هێرشی راستەوخۆی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی گەرووی هورمز.
دان کین ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەندین هێرشی ئەنجامداوە، لەوانە، هێرش بۆ سەر عومان و سێ هێرش بۆ سەر ئیمارات کە یەکێکیان تێرمیناڵی نەوتی فوجەیرە بووە. ئاڕاستەکردنی مووشەکی کرووز، درۆن و بەلەمی خێرا بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا.
سوپاسالاری ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێلیکۆپتەرەکانی MH-60 و AH-64 Apache بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هەموو ئەو هەڕەشانەیان داوەتەوە.
دان کەین باسی لە تواناکانی هەرێمی 82ی ئاسمانی کرد و گوتی: "ئەم هەرێمە ناوەکی هێزی وەڵامدانەوەی خێرای وڵاتەکەمانە و دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە هەر شوێنێکی جیهان جێگیر بکرێت. ئەوان بۆ هەموو جۆرە ئەرکێک ئامادەن، لە دژە تیرۆرەوە تاوەکو ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورە."
دان کین هۆشداری توندی دایە نەیارەکانی ئەمریکا و گوتی: "هیچ دوژمنێک نابێت دانبەخۆداگرتنی ئێستامان وەک بێهێزی یان نەبوونی ئیرادە لێک بداتەوە. ئێمە ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورە دژی ئێران ئەگەر فەرمانمان پێبکرێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد تاوەکو ئێستا دوو کەشتی بازرگانی بە سەلامەتی تێپەڕیون و لە ڕۆژانی داهاتوودا کەشتی زیاتر لە گەرووەکە تێدەپەڕن.
دان کەین جەختی کردەوە کە ئەرکی هێزەکانیان پاراستنی ئەو رێڕەوە نێودەوڵەتییەیە و رێگە نادەن ئێران هاتوچۆی بازرگانیی جیهانی پەکبخات، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی تر.