رۆیتەرز: سەرەڕای جەنگ، ئێران دەتوانێت لە کاتی دیارییکراو چەکی ئەتۆمی دروست بکات
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا نیشانی دەدەن کە "ماوەی پێویست" بۆ ئێران تاوەکو چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، لە دوای دەستپێکردنی جەنگ گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و هێشتا نزیکەی ساڵێکی پێویستە.
سێشەممە 5ـی ئایاری 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو جەنگەی بە ئامانجی رێگری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستی پێکرد، هەڵسەنگاندنەکان نیشانی دەدەن کە هێشتا تاران دەتوانێت لە ماوەی نۆ مانگ بۆ ساڵێکدا چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. ئەم ماوەیە لە هاوینی رابردووەوە، کاتێک هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرنامەکەیان بۆ دواوە گەڕاندەوە، گۆڕانکاریی تێنەکەوتووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوبات دەستی پێکردووە، زیاتر جەختیان کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکان، سەرکردایەتی ئێران و ژێرخانی پیشەسازیی سەربازی، نەک راستەوخۆ بنکە ئەتۆمییەکان.
ئۆلیڤیا وێڵز، یاریدەدەرێکی سکرتێریی رۆژنامەوانی کۆشکی سپی لەمبارەیەوە رایگەیاند، " جەنگی 12 رۆژە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی وێران کرد، و ئۆپراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسایش قەڵغانە پیشەسازی و بەرگرییەکەی ئێرانی تێکشکاند کە وەک پارێزەرێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بەکاریان دەهێنا." جەختیشی کردەوە کە " دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گاڵتە ناکات و رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
رۆیتەرز ئاشکرای دەکات، ئێستا ئێران خاوەنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60%. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێیوایە نیوەی ئەو بڕە لە ناو تونێلە قووڵەکانی ژێر زەوی لە بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان شاردراوەتەوە، مووشەکەکانی ئەمریکا ناتوانن بیبڕن. هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە بۆ لەنێوبردنی ئەم مەترسییە، رەنگە ئەمریکا پەنا بۆ "ئۆپەراسیۆنی زەمینی" ببات بۆ دەرهێنانی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە تێکشکاندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، توانای ئەو وڵاتەی بۆ پاراستنی بنکە ئەتۆمییەکانی کەم کردووەتەوە. هاوکات دەیڤید ئەلبڕایت، پشکێنەری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "هەرچەندە زانست بە بۆردوومان لەنێو ناچێت، بەڵام کوشتنی زاناکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، گومان و نادڵنیاییەکی زۆری دروست کردووە لەسەر ئەوەی ئایا ئێران دەتوانێت چەکێکی ئەتۆمیی وا دروست بکات کە بە دروستی کار بکات یان نا."
ئەم هەڵسەنگاندنانە لە کاتێکدایە کە لە 7ی نیسانەوە ئاگربەست لە نێوان تاران و واشنتن راگەیەندراوە، بەڵام گرژییەکان لە لووتکەدان، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و 20%ـی نەوتی جیهانی پەکخستووە، کە ئەمەش قەیرانێکی گەورەی وزەی لە جیهاندا دروست کردووە.