دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و براکەی دەستیپێکرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی لەدادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی دەستیپێکرد.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی گوتی، لە بەیانیی ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەکان دەرگای دادگای سلێمانییان بە تەواوەتی بە ڕووی هاووڵاتیاندا داخستووە و رێگری لە هاتوچۆی ئاسایی دەکرێت. هاوکات لە ناو دادگادا مۆبایل لە هەموو ئامادەبووان و تەنانەت پارێزەرەکانیش وەرگیراوە بۆ ئەوەی هیچ زانیاری و وێنەیەک لە ناو دانیشتنەکە دەرنەچێت.
لە ناو هۆڵی دادگا، جگە لە کەسوکاری تۆمەتباران، نوێنەرانی سەنتەری میترۆ و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئامادەن، بەڵام تەنیا رێگە بە یەک ڕۆژنامەنووسی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دراوە بچێتە ژوورەوە.
دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و براکەی کە پێشتر لە دادگای ئاسایش بوو، گوازراوەتەوە بۆ دادگای 2ـی تاوانەکانی سلێمانی. تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکانیش بریتین لە "هەوڵی کودەتا و کوشتن" کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک سکاڵاکار لەسەریان تۆمار کراوە. بەپێی رێکارە یاساییەکانیش، پێویستە سکاڵاکاران لە یەکەم دانیشتندا ئامادە بن.
پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی جەخت دەکەنەوە کە دەبێت دادگا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و ڕێگە نەدات ململانێ سیاسییەکان کاریگەری لەسەر بڕیارە یاساییەکان دابنێن. لاهور شێخ جەنگی پێشتر بەهۆی ئەم دۆسیەیەوە مانی لە خواردن گرتبوو و داوای کردبوو کەیسەکەی لە دادگایەکی مەدەنیدا یەکلایی بکرێتەوە.