وەزارەتی بەرگریی ئیمارات: بەرپەرچی ژمارەیەک درۆن و مووشەکی ئێرانیمان داوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئیمارات رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە کە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، هاوکات بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی نیشتمانی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی زیانەکان و "تاوانە نێودەوڵەتییەکان" درا.

ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە "بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات رووبەڕووی دەستدرێژیی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان(درۆن) دەبنەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دەنگە بەهێزانەی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بیستراون، دەرەنجامی تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان، مووشەکی جووڵاو (کراوز) و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بووە لە لایەن سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەوە.

لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، شێخ مەنسوور بن زاید ئال ناهیان، جێگری سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی، بڕیاری ژمارە (4)ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد بۆ پێکهێنانی "لیژنەی نیشتمانی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی کارە شەڕەنگێزییەکان و تاوانە نێودەوڵەتییەکان و زیانە لێکەوتووەکان".

هەروەها ئەرکی لیژنەکە کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکیۆمێنتکردنی هێرشەکانی ئێران و تاوانە نێودەوڵەتییەکان و زیانەکانە، کە بەهۆیەوە زیان بەر چەند ناوچەیەک و خەڵکی وڵاتەکە و بیانییەکانی نیشتەجێی ئیمارات کەوتووە، هاوکات بەڵگەکان دەکرێنە تۆمارێکی نیشتمانی.

ئەمە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو ئیمارات داوای لێپرسینەوەی لە ئێران کردبوو، هەروەها داوای قەرەبووی تەواوی زیانەکانی کردبووەوە.

لە دوای 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێرانی دەستی پێکرد، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، ئێران لە ماوەی جەنگدا زیاتر لە 2800 درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئیمارات کردووە، کە بە زۆرترین هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت و بەهۆی هێرشەکانەوە 12 کەس کوژراون، لە نێویاندا تەنیا دوو لە کوژراوەکان سەربازبوون و 10 کەسەکەی دیکە، سەرجەمیان خەڵکی مەدەنی بوون.