کشتوکاڵی مەخموور ناسنامە بۆ ئاژەڵان دروست دەکات

بەپێی سەرژمێرییەکانی کشتوکاڵی مەخموور، 151 بەخێوکەری ئاژەڵ و هەروەها دوو هەزار و 23 مەڕ و دوو هەزار و 58 بزن و 401 مانگا لە سنوورەکە هەن.
مەڕوان حوسێن، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی مەخموور، ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئایاری 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: داوا لە هەموو مەڕدار و ئاژەڵدارەکانی سنووری مەخموور کراوە کە سەردانی لقی کشوکاڵیان بکەن بۆ وەرگرتنی پسولە مەڕ و بزن و مانگاکان.
بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی مەخموور گوتی: لە چەند رۆژی رابردوو سەرژمێری بۆ سەرجەم مەڕ و بزن و مانگاکانی سنوورەکە کراوە، بەگوێرەی سەرژمێرییەکانیان لە سنووری مەخموور 151 بەخێوکەری ئاژەڵ هەن، هەروەها دوو هەزار و 23 مەڕ و دوو هەزار و 58 بزن و 401 مانگا هەن.
مەڕوان حوسێن، ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم ئەو ئاژەلانە ناسنامەیان بۆ دروست دەکرێت و دەبنە خاوەنی ژمارە و ناسنامەی تایبەت بەخۆیان، هەروەها بۆ ناسینەوەیان سەرجەمیان گوارە (نیشانە)یان لە گوێ دەکرێت.
پێشتریش بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی مەخموور بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، فۆرمیان بۆ سەرجەم مەڕدار و ئاژەڵدارانی سنوورەکە ناردووە، بۆ ئەوەی زانیاریی خۆیان و ئاژەڵەکانیانی تێدا بنووسن، چونکە بە پڕکردنەوەی فۆرمەکە، چی تر لە بازگەکاندا ڕێگرییان لێ ناکرێت و دەتوانن بە ئاسانی ئالیک و ئاژەڵەکانیان بگوازنەوە و بەبێ گرفت مامەڵەیان پێوە بکەن.