دابینکردنی سووتەمەنی کەشتییەکان لەلایەن عێراقەوە کەمبووەتەوە

لە مانگی نیسانی رابردوودا، پرۆسەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەشتییەکان لە بەندەرەکانی عێراق پاشەکشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی دۆخی خراپی گەرووی هورمز و کاریگەرییەکانی جەنگە لەسەر هێڵە بازرگانییەکانی ناوچەکە.

ڤینایاک خارمالی، بەرپرس لە کۆمپانیای "سی کراون مارین سێرڤیسز" رایگەیاند، "قەبارەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەشتییەکان لە عێراق لە مانگی نیساندا بۆ نزیکەی 7 هەزار تۆن دابەزیوە، لەکاتێکدا لە مانگی ئاداردا 15 هەزار تۆن بووە، ئەمەش بە واتای دابەزینی (53%) دێت." 

روونیکردەوە، ئەم پاشەکشەیە بەهۆی کەمیی خواستەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی جووڵەنەکردن و هاتوچۆی کەشتییەکان بووە.

خارمالی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی هێشتا مەترسییان هەیە سەبارەت بە رێڕەوەکانی دەریاوانی دوای وەرگرتنی سووتەمەنی، ئەمەش وایکردووە، زۆرێک لە کارەکانیان رابگرن تا ئەو کاتەی سەقامگیری بۆ جووڵەی گواستنەوەی دەریایی دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بە نرخەکانیش، تێکڕای نرخی سووتەمەنی کەشتییەکان (جۆری گۆگردی کەم) لە بەندەری بەسرە لە ماوەی مانگی نیساندا بە رێژەی 0.5% دابەزیوە و گەیشتووەتە 999.28 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، کە بەراورد بە مانگی پێشوو 42.03 دۆلار کەمی کردووە.

ئەم پاشەکشەیەی عێراق هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی گشتیی خواست لەسەر سووتەمەنی کەشتییەکان لە بەندەرە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە فوجیرە و دوبەی، ئەمەش بەهۆی خاوبوونەوەی جووڵەی کەشتییەکانە لە گەرووی هورمز، کە وایکردووە بەشێک لە خواستەکە بەرەو بەندەرەکانی ئەفریقا، هیندستان و سریلانکا بگوازرێتەوە.