هێرش کرایە سەر کەشتییەکی بەریتانیا
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا بڵاوی کردەوە، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک ئاوەکانی قەتەر و زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کاپتنی کەشتییەکی بارهەڵگر ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی لە دووری 23 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی دەوحەی پایتەختی قەتەر بە تەنێکی نەناسراو پێکراون.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێکی بچووک لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و دواتر کوژراوەتەوە. هاوکات روونی کردەوە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کاریگەریی ژینگەییشی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە کۆتاییدا دەستەکە داوا لە سەرجەم کەشتییەکان دەکات بە وریاییەوە هاتوچۆ بکەن و هەر جووڵەیەکی گوماناوی هەبوو ئاگاداریان بکەنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دەسەڵاتداران دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە کردووە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) دامەزراوەیەکی سەر بە هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیایە. ئەرکی سەرەکیی ئەم دەستەیە چاودێریکردنی ئاسایشی دەریایی و دابینکردنی زانیارییە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەنداو و دەریای سوور.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی ململانێ و گرژییەکانی ناوچەکەوە، چەندین جار کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوە ئاوییەکاندا کراونەتە ئامانج.