ئێران وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای دایەوە

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئەمریکای دایەوە بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، ئاژانسی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دوایین دەقی پێشنیازکراوی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، رادەستی پاکستانی نێوەندگیر کراوە.

پێشتر ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەندین جار ئەوەی خستبووە روو، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و گەیشتن بە دەرەنجامی کۆتایی، تێڕوانین و تێبینییەکانی ئێران لەسەر پێشنیازەکانی ئەمریکا رەوانە دەکرێن. 

بەپێی ئەو پلانە پێشنیازکراوە، لەم قۆناغەدا دانوستانەکان تەنیا سەرنج دەخەنە سەر پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا.

رۆژی 03ـی ئایار، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران پێشکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی تەواو و کۆتایی.

لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ەوە، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، جەنگێکی گەورە لە ناوچەکەدا دەستی پێ کرد.

 لە سەرەتای مانگی نیسانەوە بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان واشنتن و تاران راگەیەنرا و دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی دەستیان پێ کردووە.

 ئەمریکا داوای کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکان دەکات، لە بەرانبەریشدا ئێران مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەیە لە گەرووی هورمز.