هێزەکانی مەغریب تەرمی سەربازێکی ئەمریکییان دۆزییەوە

تەرمی یەکێک لەو دوو سەربازە ئەمریکییە دۆزرایەوە، کە لە کاتی راهێنانە سەربازییەکانی "شێری ئەفریقا 2026" لە باشووری مەغریب بێسەروشوێن ببوون، هاوکات گەڕان بەدوای سەربازی دووەمدا بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، هێزە چەکدارەکانی شاهانەی مەغریب، رایگەیاند، تەرمی یەکێک لەو دوو سەربازە ئەمریکییەیان دۆزیوەتەوە،  کە پێشتر لە سەرەتای ئەم مانگە و لە کاتی مەشقێکدا لە چوارچێوەی 22یەمین خولی راهێنانەکانی "شێری ئەفریقا 2026" بێسەروشوێن ببوون.

هێزە چەکدارەکانی مەغریب لە راگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە دا، هەڵمەتە چڕەکانی گەڕان بە هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژی شەممەی رابردوو، 09ـی ئایاری 2026، بووە هۆی دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی یەکێک لەو دوو سەربازە ئەمریکییە بێسەروشوێنە.

 

 

بەپێی راگەیەنراوەکە، سەربازەکە لەسەر لێژاییەکی بەردین لە ناوچەی "کاپ درعە" لە هەرێمی تانتان لە باشووری مەغریب دۆزراوەتەوە، هاوکات هەڵمەتەکانی گەڕان بەدوای سەربازی دووەمی بێسەروشوێندا هێشتا بەردەوامن.

هەڵمەتەکانی گەڕان راستەوخۆ دوای راگەیاندنی رووداوی بێسەروشوێنبوونی ئەو دوو سەربازە ئەمریکییە دەستیان پێکرد. رووداوەکە لە 2ی ئایاری ئەم مانگەدا لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی مەشق و راهێنان لە ناوچەیەکی سەختی بەردین لە هەرێمی تانتان روویدا.

راهێنانەکانی "شێری ئەفریقا 2026" لە 27ی نیسانی رابردوو دەستیان پێکرد. لەم راهێنانە سەربازییانەدا زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز لە هێزە چەکدارەکان بەشدارییان کردووە، ئەمەش بە بەشداریی 41 وڵات و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش یەکێکیانە.