پاکستان داڵدەدانی فڕۆکەی جەنگیی ئێرانی رەتدەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان راپۆرتێکی 'سی بی ئێس نیوز'ـی رەتکردەوە کە باسی لە بوونی فڕۆکەی جەنگیی ئێرانی لە بنکەی ئاسمانی نورخان کردبوو.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هەواڵانە بە ئامانجی کەمکردنەوە و تێکدانی هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاشتیی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو فڕۆکە ئێرانییانەی ئێستا لە پاکستان وەستاون لە کاتی ئاگربەستدا گەیشتوونەتە ئەم شوێنە، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هیچ حاڵەتێکی نائاسایی سەربازییەوە نییە."

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بە بەردەوامبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە ئاستی باڵا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە فەرمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و جەختی لەسەر پابەندبوونی ئیسلام ئاباد کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە هەموو هەوڵەکان کە ئامانجیان بەرەوپێشبردنی گفتوگۆیە.

کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، پاکستان رێگەی بە فڕۆکە سەربازییەکانی ئێران داوە کە لە بنکە ئاسمانییەکانیدا جێگیر ببن و بمێننەوە، بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی ئەمریکا بیانپارێزێت.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردبوو، چەند رۆژێک دوای ئەوەی ترەمپ لە سەرەتای مانگی نیساندا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند، تاران چەند فڕۆکەیەکی رەوانەی بنکەی ئاسمانی نورخانی هێزی ئاسمانی پاکستان کرد، کە دامەزراوەیەکی سەربازی گرنگە لە رووی ستراتیژییەوە و دەکەوێتە جەرگەی شاری سەربازی رەوالپندی.