پارتی جیا لە دوو وەزارەت، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقیشی دەبێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لە پێکهاتەی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ، پارتی جیا لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، جێگرێکی سەرۆکوەزیرانیش دەبێت، بێ ئەوەی وەزارەتی بەدەستەوە بێت؛ ئاشکراشی کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی بوونی گرفت لە چەند هێزێکی سیاسی لە ناو حکوومەت، بەشێک لە پۆستە وەزارییەکان سبەی دەنگیان لەسەر نادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ سبەی کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان دەنگ بە هەموو کابینەکە نادرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا گوتمان گرفتێک هەیە لە بوونی چەند هێزێک لە ناو حکوومەت و ئەوەش شتێکی شاراوە نییە و لە زۆربەی میدیاکانیش باسی لێکراوە. هەر بۆیە بەشێک لەو وەزیرانەی کە لە پێکهاتەیەکن یاخود لە هێزێکن یان فراکسیۆنێکن، بە گوێرەی زانیارییەکان دەنگیان لەسەر نادرێت.
سەبارەت بە پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران، ناوبراو ئاشکرای کرد، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە دەنگیان لەسەر بدرێت و دەمێننەوە بۆ قۆناخێکی دیکە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی جێگرانی سەرۆکوەزیران کێشەی لەسەرە، بۆیە تا ئێستا جێگرانی سەرۆکوەزیران دەنگی لەسەر نەدراوە لەگەڵ بەشێک لەو وەزارەتانەی کە کێشەیان لەسەرە.
هەروەها گوتیشی: هەندێک وەزارەت کە دەدرێت بە قەیس خەزعەلی، لەوانە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، متمانەیان پێنادرێت و لەگەڵ چەند وەزارەتێکی دیکە کە کێشەیان لەسەرە دەمێننەوە. سەبارەت بە جێگری سەرۆکوەزیرانیش، هەوڵێک هەبوو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، جێگری سەرۆکوەزیران جێبهێڵرێت و تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
لەبارەی ناوی کاندیدەکانەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا روونی کردەوە، هەموو ناوەکانی پارتی بەفەرمی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە رادەگەیەنرێت و تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی دیکەش بەیان نەکراوە بۆ پەرلەمانتاران. بە نموونەش وەزیری بەرگریی ئێستا هەوڵ دەدرێت تێبپەڕێنرێت کە دوێنێ شەو بڕیاربوو ئەویش رابگیرێت، چونکە لە چرکە ساتێکدا دەکرێت ناوەکان و شوێنەکان بگۆڕدرێن، لەبەر ئەوەی رێککەوتنی سیاسی و فشار هەیە و هەوڵەکانیش بەردەوامن و بەفەرمی رەوانەی لایەنە سیاسییەکان نەکراوە.
سەبارەت بە وەزارەتە سیادییەکان، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی نەوت و ناوخۆ هەردووکی یەکلایی بووەتەوە. کێشەکە لە نێوان دەوڵەتی یاسا و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندایە عەسایب هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی عەسایب جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیان وەرگرت، بە رێککەوتن بڕیار وابوو جێگرێکی سەرۆکوەزیرانیان بدەنێ، بۆیە ئیستا کێشەکە لە نێوان دەوڵەتی یاسا و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان مایەوە، بەڵام دواجار ئەو بابەتەش چارەکرا. وەزارەتی نەوت، کارەبا و کشتوکاڵ درا بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هەرسێکی وزەیە و سوودانی هەوڵدەدات هەرسێکی بخاتە ژێر دەستی خۆی. لە بەرامبەردا، وەزارەتی ناوخۆ کە هەمیشە لای رەوتی بەدر بووە، ئەمجارە لە بەدریان وەرگرتەوە و درایە دەوڵەتی یاسا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا، واتە دابەشکاری وەزارەتەکان تەواو بووە.
لەبارەی وەزارەتی دارایی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "کێشەکە لە وەزارەتەکە نەبوو، بەڵکو کێشەکە رەوتی حیکمە بوو کە وەری نەدەگرت، هەروەک دەزانرێت چەند خولێکە وەزارەتی نەوت لای رەوتی حیکمەیە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی ئەو کێشەیەی دروست بوو، هەرچۆنێک بێت رازی بوو کە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی وەرزش و لاوان بدرێت بە رەوتی حیکمە. فالیح ساری ئەندامی لیژنەی دارایی بووە بۆ چەندان خول، جا ئەو بێت یاخود هەر کەسێکی دیکە کە ئەندامێکی باڵای حیکمەیە، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە کاندید بێت."
شاخەوان عەبدوڵلا باسی لەوەش کرد، پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتین لە وەزارەتەکانی (دەرەوە، شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە) لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران کە تەنیا جێگر دەبێت و وەزارەتی بەدەستەوە نابێت. ستراتیژی پارتی لەم کابینەیەدا جەختکردنەوە بووە لەسەر بابەتە جەوهەرییەکانی وەک (ماددەی 140، شەراکەت، هاوبەشی و سازان) و جێگیرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە مەنهاجی حکوومەتدا، نەک تەنیا پۆست. بڕیاری بەشداریی پارتیش دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و رێککەوتن لەسەر ئەو خاڵە جەوهەرییانە هات.
سەبارەت بە کێشەی جووتیارانی کەرکووک و ئەو ئاستەنگانەی لە بازگەکان بۆیان دروست ببوو، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند؛ هەوڵەکان گەیشتوونەتە ئەنجام و کێشەکە چارەسەر کراوە. ئێستا ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران خەریکی پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی تا چیتر کێشە بۆ جووتیارەکان دروست نەبێت.