کوردستان24 بەشێک لە دابەشکارییە وەزارییەکانی عێراق بڵاو دەکاتەوە
دابەشکاریی پۆستە وەزارییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا یەکلا کرایەوە و بڕیارە سبەی پەرلەمان دەنگ لەسەر بەشێک لە پۆستەکان بدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەگوێرەی ئەو رێککەوتن و دابەشکارییە وەزارییەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ کراوە، سبەی بەشێک لە پۆستە وەزارییەکان دەنگیان لەسەر دەدرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، دابەشکارییەکان بە شێوەیەک کراون پشکی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا دەبێت.
هاوکات بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، سێ وەزارەت دانراون کە بریتین لە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و کشتوکاڵ.
لەلایەکی ترەوە عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکانی دەوڵەت، پشکی لە وەزارەتەکانی دارایی و وەرزش و لاوان دەبێت. هەروەها پشکی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و پیشەسازی دەبێت.
هەر بەپێی دابەشکارییەکان پشکی سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسم، وەزارەتی بەرگری دەبێت. هاوکات قەیس خەزعەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی سادیقوون، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران وەردەگرێت و پشکی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، هەردوو وەزارەتی پلاندانان و رۆشنبیری دەبێت.
لە دوای راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی عێراق، لایەنە سیاسییەکان کەوتنە گفتوگۆی چڕ بۆ دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و بەدەستهێنانی پشکی خۆیان.
لە ماوەی رابردوودا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پۆستە باڵاکان هەبوو، بەتایبەتی کێشمەکێشی نێوان هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەسەر وەزارەتەکانی ناوخۆ و نەوت.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی نوێی عێراقی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.
بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو تەنیا 30 رۆژی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان؛ ئەگەر تا رۆژی هەینی، 15ـی ئایار، زەیدی متمانە وەرنەگرێت، وادە دەستوورییەکەی تەواو دەبێت.
لە رۆژی 27ـی نیسانی 2026، سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد.
پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق بەردەوام بەپێی بنەمای پشکپشکێنە و رێککەوتنی لایەنە سەرەکییەکان بەڕێوە دەچێت و زۆرجار رووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە.