رۆیتەرز نهێنییەک ئاشکرا دەکات؛ لە کوەیت و سعوودییەوە هێرش کراوەتە سەر عێراق
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کرد، لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە و هێرشە مووشەکییەکان چەند پێگەیەکی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقیان پێکاوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، ئەم هێرشانە بەشێکن لە کاردانەوە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو کە تاوەکو ئێستا بە شاراوەیی مابوونەوە، بەتایبەتی لەو ململانێیەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە لە دوای هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی ڕابردوو.
رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی رۆژئاوایی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی سعوودیە ئەو ئامانجانەیان پێکاوە کە لە نزیک سنوورەکانی باکووری ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق بوون و سەر بە گرووپە چەکدارەکان بوون، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەندێک لەو هێرشانە لە دەوروبەری کاتی ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران لە 7ـی نیساندا بووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئامانجی بۆردومانەکان ئەو شوێنانە بوون کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان لێوە ئاراستەی سعوودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو کراوە.
هەر بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، سەرچاوە عێراقییەکان لە رێگەی هەڵسەنگاندنە سەربازییەکانەوە ئاشکرایان کردووە، لانی کەم لە دوو کاتی جیاوازدا لە مانگی نیسانی رابردوو، لە خاکی کوەیتەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان لە باشووری عێراق و بەهۆیەوە چەند چەکدارێک کوژراون.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، نەیتوانیوە دەستنیشانی بکات ئایا ئەو مووشەکانەی لە کوەیتەوە ئاراستە کراون لەلایەن سوپای کوەیتەوە بووە یان سوپای ئەمریکا کە لەو وڵاتە جێگیرە. سوپای ئەمریکا لەو بارەیەوە رەتیکردووەتەوە لێدوان بدات و وەزارەتی راگەیاندنی کوەیتیش وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەی نەداوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، وڵاتەکەی هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانبەخۆداگرتن دەدات بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بەڵام وەزارەتەکە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە پرسی هێرشەکان بۆ سەر خاکی عێراق نەکردووە.