بلومبێرگ: 9 کەشتیی نەوت و گاز بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین

ئاژانسی "بلومبێرگ" بڵاویکردەوە، لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، نۆ کەشتیی بارهەڵگری نەوت و گاز بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.

بەپێی داتاکانی گەشتیاریی دەریایی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، ئاژانسەکە بڵاویکردوونەتەوە، هەندێک لەو کەشتییانە هێشتا لە ناو سنووری ئەو گەمارۆیەدان کە ئەمریکا لە گەرووی هورمز سەپاندوویەتی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر گرژییەکی توندی سەربازی و بازرگانیدایە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی بلومبێرگ، رۆژی سێشەممەی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا کە چاودێری گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەکەن، رێگرییان لە کەشتییەکی یۆنانی کردووە کە نزیکەی 2  ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو و بەرەو ڤێتنام بەڕێوەبوو، تاوەکو ئێستا هۆکاری رێگرییەکە بە نادیاری ماوەتەوە، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی ڤێتنام داوای لە ئەمریکا کردووە رێگە بە بارە نەوتەکە بدات گەشتەکەی تەواو بکات.

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکان داخرا، دواتر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و رێگریی لەهەر کەشتیەکی ئەو وڵاتە دەکات کە کاڵا و بەرهەمە نەوتیەکان هەناردە و هاوردە بکەن.