پووتین بۆ زەیدی: چاومان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵیيەکانە
سەرۆکی رووسیا، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی و، خواستی وڵاتەکەی بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەربڕی.
رۆژی هەینی، 15ـی ئایاری 2026، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە و، ئارەزووی خۆی بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی هاریکارییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و عێراق پشتیان بەستووە بە نەریتێکی چەسپاو و رەسەن لە دۆستایەتی و رێزگرتن لە یەکدی.
پووتین، بە زەیدی دەڵێت: "چاوم لەوەیە کە کارکردنی ئێوە لە سەرۆکایەتیی حکوومەتدا، ببێتە هۆی بەهێزکردن و پەرەپێدانی زیاتری هاریکارییە دووقۆڵییە بەرهەمدارەکان، کە قازانجی بۆ هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا تێدایە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلەکەمان بکات و بەشدارییەکی کاراش بکات لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتیدا."
دوێنێ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، متمانەی بە کارنامەی وەزاری و پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق دا.
هەر لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەماندا، 14 وەزیری کابینەکەی زەیدی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانیان پێ درا.