عێراق تەواوی دەروازە سنوورییەکانی بەڕووی بازرگانیی ئێراندا دەکاتەوە

ئەمرۆ شەممە، 16ـی ئایاری 2026، دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق لە نووسراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە تەواوی دەروازە گومرگییەکانی وڵاتەکەی کردووە جووڵەی گواستنەوەی کاڵا و شتومەک (ترانزێت) لەگەڵ ئێراندا چالاک بکەن، بەم بڕیارەش، رێڕەوە بازرگانییەکانی ئێران بە تەواوی لە رێگەی خاکی عێراقەوە کرانەوە.

ئەم بڕیارەی بەغدا دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی پاکستان دێت، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بازرگانیی هێڵی ئاسنی نێوان ئێران و چین سێ هێندە زیادی کردووە، هاوکات پاکستانیش رێڕەوێکی نوێی ترانزێتی لەگەڵ ئێراندا کردووەتەوە و رێگە بە کاڵای وڵاتانی دیکە دەدات کە لە رێگەی خاکی ئەوانەوە بەرەو ئێران تێپەڕن.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، حکوومەتی عێراق رێنمایی داوەتە بەڕێوەبەرایەتییە گومرگییەکانی ناوچەکانی باکوور، ناوەڕاست، رۆژاوا و باشوور، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پۆستەی ئاسمانی و گومرگی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بۆ ئەوەی دەستبەجێ پرۆسەی ترانزێت و دووبارە بارکردنەوەی کاڵاکان لەگەڵ ئێراندا کارا بکەن.

لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، ماوەی 39 رۆژ بەردەوام بوو، لەکاتی جەنگەکەدا تاران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییە بازرگانییەکانی وڵاتان داخست، دواتر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا سەپاند و رێگریی لەهەر کەشتییەک دەکات کە کەلوپەل هاوردە و هەناردەی ئێران بکات.