ئیمارات: بە سێ درۆن هێرشکراوەتە سەر وڵاتەکەمان
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، بە سێ درۆن هێرشکراوەتە سەر وڵاتەکەیان و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵات توانیویانە دوو درۆن تێکبشکێنن و دانەیەکیش مۆلیدییەکی وێستگەیەکی ئەتۆم کەوتووە، هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییش دەڵێت: هێرشەکە هیچ مەترسییەکی نەبووە.
یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگری ئیمارات راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان (UAV) تێکشکاندووە کە لە ئاراستەی سنوورەکانی رۆژئاواوە هاتوونەتە ناو خاکی وڵاتەکەوە
راشیگەیاندووە، دوو لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بە سەرکەوتوویی لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە لە ئاسماندا تێکشکێنراون، بەڵام فڕۆکەی سێیەم بەر مۆلیدەیەکی کارەبا کەوتووە کە لە دەرەوەی پەرژینی ناوەندی وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" بووە لە ناوچەی "زەفرە".
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی ئەو هێرشانە و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان وردەکاری زیاتر بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لە ئامادەباشی تەواوی هێزەکانیان کردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکە بکاتە ئامانج، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دەستکەوتەکانی وڵات.
هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) رایگەیاند، ئیمارات ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئاستی تیشکدانەوە لە وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" لە سنووری ئاسایی خۆیدا ماوەتەوە و هیچ مەترسییەک دروست نەبووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاماژەشی داوە، "ئێمە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەین و لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیمارات، هەروەها ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکارییەک ئەگەر پێویست بکات."