ئیمارات: مافی خۆمانە وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەکان بدەینەوە

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات

وەزیری دەرەوەی ئیمارات، لە کاردانەوەی هێرشە درۆنییەکەی سەر وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە، رایگەیاند: وڵاتەکەمان مافی تەواوی هەیە وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەکان بداتەوە

یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، لەگەڵ رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە تەلەفۆن قسەی کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان بە توندی سەرکۆنەی ئەو "هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەی" کرد کە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانـەوە کرایە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە لە ناوچەی زەفرە.

هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە مۆلیدەیەکی کارەبایی لە دەرەوەی وێستگەکە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە یان کاریگەریی لەسەر ئاستی تیشکدانەوەی وێستگەکە هەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات، جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ژێرخانی هەستیار، پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

هاوکات پێداگریی لەسەر مافی تەواوەتیی وڵاتەکەی کرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە و گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خاک و هاووڵاتییانی ئیمارات بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

بە پێی راگەیەنراوەکە، لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیان کرد و جەختیان لە بەهێزکردنی هاریکارییەکان کردەوە، بە جۆرێک کە پاڵپشتی لە بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمیی بکات بە پێی بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات پابەندبوونی نەگۆڕی وڵاتەکەی بە پاڵپشتیکردنی ڕۆڵی میحوەریی ئاژانسەکەوە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دووپات کردەوە.

لە کاردانەوەیەکی پەیوەندیدار بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا هۆشداریی دا و رایگەیاند: "هێرشە دڕندانەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، سەرجەم هێڵە سوورەکانیان بەزاندووە."